بەپێی کاربەدەستان و پەرلەمانتاران ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک مووچە بە نایاسایی وەردەگرن. بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی سێ مانگدا بۆ پەرلەمانی هەرێمی ناردووە وەک پەرلەمانتارێکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان باسی لێوە دەکات 106 هەزار کەس دوو مووچە و زیاتر وەردەگرن.
سەعید هەرکی جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەو پڕۆژە چاکسازییەی کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و ئاراستەی حکومەت کراوە و حکومەتی هەرێمیش پەیرەوێکی بۆ دەرکردووە، ئەو پڕۆژە چاکسازیە دەتوانێت لە کۆمەڵێک مەجالدا کاری خۆی بکات، حکومەتیش بۆ هەموو سیکتەری ناو پڕۆژەی چاکسازیدا لیژنەی پێکهێناوە."
جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت" بابەتی دوو مووچە و سێ مووچەیی بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ مانگدا ئاراستەی پەرلەمانی کردووە 106 هەزار کەسی دوو مووچەیی و سێ مووچەیی هەیە لە خانەنشینی و چاودێری کۆمەڵایەتی و فەرمانبەری ئاسایی، کۆمەڵێک هەنگاو نراون و تا ئێستا نزیکەی کار لەسەر نزیکەی بیست هەزار کەس کراوە."
لە لایەکی ترەوە سیروان بابان ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فڕاکسیۆنی سەربەخۆ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێستا ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا سەدان هەزار کەسمان هەیە زیاتر لە دوو و سێ و چوار و بگرە تا شازدە مووچەش وەردەگرن کەسانێک هەن هیچ بڕوانامەیەکیان نییە و بە بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین کراون، سیستەمێکی بایۆمەتریان هێناوە ملیارەها دیناریان تێدا خەرجکرد سودی نەبوو خۆی بە بڕیارێکی سادە دەتوانرێت بگوترێت کێ دوو مووچە و زیاتری هەیە تا بۆ نموونە شەش هەفتە بێت مووچەکەی ڕابگەیەنێت و بڵێت من ئەوەیانم ناوێ ئەگینا لە ناحیەی قانوونی تا دەگاتە بەندکردن، باسی دە هەزار نییە باسی سەدان هەزارە دەبێت هەموویان پاکتاوبکرێتەوە مانای نییە حکومەتێک نەزانێت پێنج بۆ شەش ساڵە خەڵکانێک هەن زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن و لەبەرامبەریشدا خەڵکانێک هەن دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن هەریەکەمەکانی ئەم وڵاتەن نە دادەمەزرێن و نە بوار دەرەخسێت کە دابمەزرێن و مافی خۆیان وەربگرن."
بابان زیاتر دەڵێت" کۆی پرۆسەکە زۆر خاوە چەندین جار لەگەڵ وەزیرەکان قسەم کردووە کە ئەمە یەک بڕیاری پێویستە و ئەسڵەن پیویستی بە یاسای چاکسازی نەبوو."
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕوانامەی دەرچوون وەردەگرن وهەوڵێکی زۆر دەدەن کە لە نێو دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابمەزرێن بەڵام دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ ناڕەخسێت و هەر لە چاوەڕوانی کردنەوەی دەرفەتی دامەزراندنن.
نەوزاد هلۆری بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" یەکێکم لەو کەسانەی کە ساڵی 2013 لە پەیمانگا دەرچوومە دوای کە تەواوبووم تا ئێستا ساڵانە چەندین جارهەوڵ دەدەم کە لە دەزگایەکی حکومەت یان کەرتی تایبەت کار بکەم بەڵام تا ئێستا بە بیانۆی ئەوەی کە قەیران و کێشەی دارایی لە کوردستان هەیە پرۆسەی دامەزراندن و دەرفەتی کار ڕاگیراوە واتا زیاتر لە بیست جار داواکارییەکەم وەرنەگیراوە لە لایەن حکومەت و کەرتی تایبەتەوە."
Your browser doesn’t support HTML5