بڕیاره‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر کۆکردنه‌وه‌ی باج و ڕێکخستنه‌وه‌ی کاردانه‌وه‌ی لێ‌ ده‌که‌وێته‌وه‌ 

وه‌زاره‌تی دارایی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ، له‌ راگه‌یه‌نراوی ژماره‌ 96 و له‌ ڕۆژی 11-1-2021 به‌ مه‌به‌ستی ڕێکخستنه‌وه‌ی سیسته‌می کۆکردنه‌وه‌ی باج و ڕسوومات 13 بڕیاری ده‌رکرد و ماوه‌ی 60 ڕۆژی داناوه‌ بۆ جێبەجێکردنیان که‌ بڕیاره‌کان خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ دانانی باج له‌سه‌ر کۆمپانیاکانی ئینته‌رنێت و په‌یوه‌ندی کردن و نه‌وت و کارمه‌ندانی بیانی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لێخۆشبوون له‌ باج چه‌ند بوارێکی دیکه‌ ، ئه‌م بڕیارانه‌ش کاردانه‌وه‌ی لای هاووڵاتیان لێ‌ که‌وته‌وه‌ و به‌شێک له‌ هاووڵاتیان ده‌ڵێن سه‌رباری قه‌یرانه‌کانی، حکومه‌ت به‌رده‌وامه‌ له‌دانانی باج.

مه‌نزه‌ر عه‌لی هاووڵاتیه‌کی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لێدوانێکدا به‌ ده‌نگی ئه‌مەریکای راگه‌یاند رێکخستنه‌وه‌ی باج هه‌نگاوێکی گرنگه‌ بۆ هه‌موو حکومه‌تێک که‌ له‌ پپێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ڕێکی بخات، به‌ڵام ئه‌م بڕیارانه‌ی حکومه‌ت له‌کاتێکدان‌، داهاته‌کانی هه‌رێم دیار نین و ئه‌وه‌ی زه‌رەرمه‌نده‌ هاووڵاتیانن‌، که‌ له‌ قه‌یراندان و ده‌بێت باج بده‌ن.

زه‌کریا هه‌ورامی هاووڵاتیه‌کی دیکه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ و ده‌ڵێت پێویسته‌ ئه‌و باجانه‌ی که‌ داده‌نرێن، حکومه‌ت له‌سه‌ر شانی هاووڵاتیان داینه‌نێت ، به‌ڵکو له‌سه‌ر کۆمپانیاکان بن ، ئێستا چ دڵنیاییه‌ک هه‌یه‌ که‌ نرخی کارتی مۆبایل و ئه‌نته‌رنێت له‌ کاتی جێبەجێکردنی بڕیاره‌که‌ له‌سه‌ر هاووڵاتیان به‌رز نه‌کرێنه‌وه‌ .

شیرین ئه‌مین ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ لێدوانێکدا به‌ ده‌نگی ئه‌مەریکای راگه‌یاند بریاره‌کانی حکومه‌ت ، له‌سه‌ر باج و ڕێکخستنه‌وه‌ی دروست نین و ئێستا په‌رله‌مان له‌ پشووی زستانه‌دایه‌ و له‌ هه‌وڵی دروست کردنی کۆده‌نگیدان بۆ ڕێگری کردن لە جێبەجێکردنی بڕیاره‌کان و ده‌شڵین چه‌ندین کۆمپانیا هه‌ن که‌ باج ناده‌ن له‌هه‌رێمی کوردستاندا .

هاووڵاتیان ده‌ڵێن ، له‌ ساڵی رابردوودا چوار مووچه‌یان وه‌رگرتووه‌ ، دۆخی ئابوری هاووڵاتیان له‌ دۆخێکی ناهه‌مواردایه‌، ئه‌رکی حکومه‌تی هه‌رێمه‌ پلانه‌کانی بۆ باشترکردنی ژیانی خه‌ڵک و دۆخی ئابوری هه‌رێم بخاته‌ کار ، به‌شێوه‌یه‌ک هه‌رهه‌ولێک به‌ ئاراسته‌ی باشترکردنی دۆخی دارایی له‌سه‌ر شانی هاووڵاتی نه‌بێت.

Your browser doesn’t support HTML5

فەرحان