ماوەیەکی زۆرە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، ڕەخنەگران و چاودێرانی سیاسی له ههرێمی کوردستان باسی بوونی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی دەکەن لە هەرێمهکه و رهخنهکانیشیان ئاراستهی کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و داوای چاکسازییەکی ڕیشەیی دەکەن. بەتایبەتی باسی گەندەڵیەکی زۆر لە خاڵە سنوریەکان دەکرێت، بەپێی ههندێک له پەرلەمانتارانیش، حکومەتی ههرێم دەستیداوەتە چاکسازی لە زۆر سێکتەر و بواری جیاجیا و بهو هۆکارهش چهندین لیژنهی پێکهێناوه.
سەبارەت بە چاکسازیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵ و چاودێری پەرلەمان بەسەر ئەو چاکسازیانەوە لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا، پێشەوا هەورامی گوتەبێژی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت " ئەوەی کە لە خاڵە سنوریەکان دەکرێت و ڕوویداوە، دەتوانین نەک وهکو گەندەڵی، بهڵکو وهک فەزاحەت ناوی ببەین، چونکە ئەوەی لەوێ ئەنجامدراوە لەسەرو گەندەڵیەوەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی کردووە لە هەریەک لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەم دۆسێیه بکەن ، ئەم بابەتە، بابەتێکی جدیە ئەگەر بێتو خاڵە سنوریەکان بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکرێن، کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر داهاتی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئەوەی کە بارگرانیەکی گەورە لەسەر شانی هەرێمی کوردستان لابچێت لەوەی کە بتوانێ داهاتی باش پەیدا بکات لە پێدانی موچەدا بۆ خەڵک سودی لێوەربگرێت، ئەگەر ئەم لایەنانەی کە ئێستا پێکهێنەری حکومەتن ڕاستگوبن بۆ خەڵکیان بوێتو خەڵکیان له لا مەبەستە و خەمی گیرفانیان نیە، دەبێت هاوکاری حکومەت هەرێمی کوردستان بن لەچاکسازی لە خاڵە سنوریەکان بەبێ جیاوازی وە دەبێت پاڵپشتی ئەو بریارانەی حکومەت بن بەتایبەتی ئەو لایەنانەی کە لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە پێگەیان هەیە، دەبێت پابەندبن بەبریارەکانی حکومەت، یارمەتیدەربن و تەگەرە دروست نەکەن بۆ حکومەت بۆ ئەوەی هەموو داهاتی خاڵە سنوریەکان جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان."
ئایا هیچ بەربەستێک لە پێش ئەو لێژنانەدا هەیە ؟
گوتەبێژی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوبارەیەوە گووتی" بێگومان هەر پڕۆسەیەک کە بتەوێت چاکسازی تێدا ئەنجام بدەی، بەربەستی هەیە بەبێ بەربەست نیە، بۆیە ئەوانەی کە قاچاخچین و کاروکاسبی و پارە و دولارەکانیان لەرێگای ئەم کارەوهیە، بێگومان دەبنە بەربەست لە بەردەم پڕۆسەکە، حزبەکان ئەگەر ڕاستگوبن لەگەڵ حکومەت ئەگەر بە فیعلی لەگەڵ خەڵکن، دەبێت ئەم داهاتە بەخەڵک بدەنەوە، نەک بیخەنە گیرفانی خۆیان، پێویسته لهم بریارانەی حکومەتدا هاوکاربن."
وەک پەرلەمانتار تا چەند چاودێردەبن بەسەر ئەو لێژنانەی کە دادەنرێن، بۆ کەم کردنەوەی ئەو ڕۆتینیات و گەندەڵیانەی کە باس دەکرێن ؟ ئایا متمانەتان بەو لێژنانە چۆنە ؟
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی فڕاکسیۆنی پارتی لەوبارەیەوە ڕایگەیاند " ئێمە متمانەمان بە حکومەت هەیە، بەتایبەتی کاک مەسرور بارزانی ئیڕادەیەکی جدی هەیە بۆ چاکسازی، دەست براوە بۆ بڕینی موچەی نایاسایی ، یازدە بریاری تازە دەرچون کە کۆمپانیا گەورەکان لەوانەی کە ساڵانی ڕابردوو بە ئارەزوی خۆیان پارەیان کۆکردووەتەوە و باجیان نەداوە، باجیان دەخرێتە سەر، ئەمانە هەمووی کاریگەری لەسەر داهاتی ناوخۆ دەبێت، ئێمە لە چارەسەرکردنی دۆخی هەرێمی کوردساندا، دوو ڕێگامان لەبەردەستە، ڕێگای سێهەممان نیە، یان دەبێت خۆمان لە ناو خۆمان چاکسازی بکەین، بتوانین پاڵپشتی حکومەت بکەین، حکومەت ئەو نیەتەی کە هەیەتی هاوکاربین لەجێبەجێکردنی، یان ئەوەی ئەم هەرێمە بەرەو قەدەرەکی نادیار دەرڕوات، ڕێگای سێهەم لەبەردەممان نیە، قەناعەتی من وایە، چارەسەرکردن لەگەڵ عێراق ئەگەر چارەسەریش بکرێت، چارەسەرکردنێکی کاتیە، بۆیە ڕێگای سێهەم نیە، یان ئەم هەرێمە بەرەو چارەنوسێکی نادیارە، یان دەبێت چاکسازی بکرێت و پاڵپشتی حکومەت و کاک مەسرور بین."
هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەگەڵ ئەو کەسانە دەکرێت کە بەگەندەڵی، مووچەیەکی زۆریان وەرگرتووە، چیکراوە ؟ حکومەت چیکردووە ؟
لەمیانەی وتووێژەکەدا و لهو بارهیهوه پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گووتی" ئەوە سی هەزار کەس ڕوونە کە کراوە، ئەگەر مینحەبێت، ئەگەر مووچە بێت، یان هەر شتێکی دیکەبێت بڕدراوه. یانزە بریاری باج دەرچوون، ئەوە نەماوە بڵێین چیکراوە، خەریکە هەنگاوەکان جێبەجێ دەکرێن، بەڵام چاکسازی بە بیست و چوار ساعەت ناکرێت، ئەمەی کە ئێستا حکومەت دەستی بۆ دەبات، بیست و نۆ ساڵە هەرێمی کوردستان خۆی بەڕێوە دەبات لە ماوەی ئەم بیست و نۆ ساڵە بە هەر هۆکارێک وەکو هەر شوێنێکی دیکەی دونیا کە سەرەتا دروست دەبێت، لەوانەیە کارەکان لەسەر ڕێچکەی خۆیان نهبوبن، ئیتر دەبێت ئێستا ئەم کارانە هەمووی بچنەوە سەر ڕێچکەی ئەسڵی خۆیان، کاری بیست و نۆ ساڵ بە بیست و چوارسەعات بە دوو ساڵیش تەواو نابن، بەڵام ئێمە، خەریکە دەرئەنجامی ماندووبونەکان دەبینین و لە چەند مانگی داهاتوو خەڵک بەفیعلی زیاتر دەیبینێت کە نیەتێکی جدی هەیە دەیەوێت ئەم وڵاتە بیهێنێتەوە سەر ڕێچکە ڕاستەقینەی خۆی."
Your browser doesn’t support HTML5