دەکرێت بگوترێت لای بینەران، تابلۆکان بە گشتی سەرنج ڕاکێش و هەروەها چێژی تایبەتی خۆیانیان هەیە، ئەڵبەت ئەگەر جیاوازییەک لە نێوان سەیرکردنێکی ڕاگوزەرانە و بینینێکی قوڵی تابلۆکاندا بکرێت.
تابلۆی هونەریمان هەن کە پێویستی بە چەند کاتژمێرێکی بینین هەیە تا بتوانین هەر هیچ نەبێت درک بکەین بە قوڵایی و ڕەهەندەکان و هارمۆنییەتی ڕەنگەکان و هزری هونەرمەندەکەش.
زۆر جار لە پێشانگاکاندا کورتە نوسینێک دەبینین لە تەنیشت تابلۆکەوە، باس لە مانای تابلۆکە دەکات، بەڵام بۆ بینەری ڕژد (جدی) دەشێت ئەو نوسینانە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبێت لەسەر چۆنیەتی تێگەیشتن لە تابلۆکە و چۆنییەتی خوێندنەوەشی، لێرەدا دەتوانم بڵێم بیرکردنەوە و ڕوانینی بینەر کاریگەرییە گەورەکەیان هەیە، بەتایبەتیش کاتێک بینەر دەکەوێتە گەڕان بەشوێن خاڵی دەستپێکدا بۆ گەڕان و وردبوونەوە لە تابلۆکە و داڕشتنی پرسیارە ڕەسەنەکان لە هزری خۆیدا و وەرگرتنەوەی وەڵامی پرسیارەکانی لەناو ئەو تابلۆیەی بۆتە جێی سەرنجی.
مێژوو پێمان دەڵێت، هونەری شێوەکاری هەمیشە و لە هەموو قۆناغەکانی تەمەنی مرۆڤایەتیدا گرنگی و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، خۆ ئەگەر زیاتر ئەم گرنگییە ورد بکەینەوە، ئەوا وەک زۆرێک لە لێکۆڵەرەوانی هونەری شێوەکاری ئاماژەی پێدەکەن، ئەو دێڕانەی ئەمڕۆش دەیاننوسین جا بە هەر زمانێک بێت، دەکرێت وەک بەشێک لە هونەری شێوەکاری لێی بڕوانین لەو سۆنگەیەوەی نوسین بریتییە لە وێنەکێشانی دەنگەکان.
هونەرمەندانی شێوەکار، دید و هەست و نەستی خۆیان دەخەنە سەر تابلۆکان و کاتێکیش پێشانگایەکی تایبەت دەکەنەوە، وەک ڕەهەندێکی ڕوناکبیریانە لێی دەڕوانرێت و بۆ هەر بینەرێکی بیانیش دەشێت ببێتە ڕێنیشاندەر بۆ ئاستی شارستانی و ڕۆشنبیری هەر نەتەوەیەک و دەشبێتە پێوانەیەک بۆ زانینی ئاستی هۆشیاریش.
جا لێرەدا جێی خۆیەتی بپرسین بۆچی لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەم هونەرە باڵایە نەبۆتە کلتورێک؟
ئێستاشی لەگەڵدا بێت. بە گشتی لەناو ماڵی کورددا زۆر بە دەگمەن تابلۆیەکی هونەرمەندێکی کورد دەبینیت، نە هەر ئەوەندە بەڵکو لە شوێنە گشتییەکانیشدا نابینیت تابلۆکانی هونەرمەندانی کورد هەڵواسرابن (ئەگەر هەشبن ئەوا زۆر کەمن).
لە هەمان کاتیشدا خاوەنی مۆزەخانەیەک نیین بۆ ئەم هونەرە و ناوی لێنرابێت مۆزەخانەی نیشتمانی هونەر.
بەڕاستی ئەمە خاڵێکی گرنگە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.
هونەرمەندێکی کورد لە فەڕەنسا لە ڕێی پڕۆژەیەکەوە کە ڕەهەندی کاری خۆبەخشی هەیە، بیری لەوە کردۆتەوە لە یەک کاتدا هونەرەکەی بۆ کۆمەک کردن بەکاربهێنێت و بیشیگەیەنێتە ناو ماڵەکانەوە.
کۆمەک کردن لەو گۆشە نیگایەوەی هاونیشتمانیانی خۆی بەهۆی گرانی و بێ موچەیی و قەیرانی داراییەوە ڕووبەڕووی ڕەوشێکی خراپی بژێوی دەبنەوە. هەر بۆیە دڵشاد کوێستانی هونەرمەند، بڕیار دەدات تابلۆکانی بفرۆشێت و بە داهاتەکەی ماڵێک لە نەهامەتی و ناخۆشییەکانی ژیان بپارێزێت.
دڵشاد، ناو لە پڕۆژەکەی دەنێت (پڕۆژەی تابلۆی دڵ) و تەواوی داهاتەکەشی تەرخان دەکات بۆ خەڵکی نەدار و خاوەن پێداویستی تایبەت و هتد.
ئەم پڕۆژەیە بەردەوامە و دەشێت چەند ساڵێکیش بخایەنێت.
من نازانم کڕیارەکان کێن و لە چ نەتەوەیەکن، بەڵام خۆ ئەگەر کورد بن، ئەوا بەڕاستی جێی دڵخۆشییە، چونکە دەکرێت وەهاش سەیر بکرێت کە تابلۆکە دەچێتە ماڵی کوردێکەوە و دەیان کەسی زیاتری ناو خانەوادەکان پێی ئاشنا دەبن و لەوێوە دەروازەی ماڵەکانی تریش بە ڕووی تابلۆکانی هونەرمەندانی کورددا دەکرێنەوە و ئیدی هەنگاوەکان بۆ بە کلتورکردنی هونەری شێوەکاریمان دەستپێدەکات یان با بڵێین دەروازەکان بە ڕووی ئەو هەنگاوەدا دەکرێنەوە.
Your browser doesn’t support HTML5