پیلۆسی دۆسێی دادگاییکردنی ترامپ دەنێرێتە سینات

.

وەها بڕیارە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا, ئەمڕۆ دووشەممە دۆسێی تایبەتی ئیمپیچکردنی دانۆڵد ترامپ بنێرێتە سینات.

نانسی پیلۆسی لەم دۆسێیەدا ترامپ گوناهبار دەکات بە هاندان بۆ هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا.

ئەمەش یەکەمین جارە داوای ئیمپیچکردن و دادگاییکردنی سەرۆکێکی پێشووی ئەمەریکا بکرێت.

پیلۆسی، گەورە دیموکراتی کۆنگرێسی ئەمەریکا، لە هەفتەی ڕابردوودا جەختی کردەوە لەوەی دەبێت ئەو دادگاییکردنە بکرێت.

هەر لە ئێستاوە دانراوە دووهەم هەفتەی مانگی 2، دەستبکرێت بە دادگاییکردنەکە لە سیناتدا.

لە یەک دوو ڕۆژی ڕابردوودا، یاسادانەرانی کۆماری ئاماژەیان بەوە دەکرد، لەوانەیە قورس بێت بۆ دیموکراتەکان تا بتوانن دانۆڵد ترامپ گوناهبار بکەن بە هاندانی هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس.

لەو هێرشەی ڕۆژی 6ی مانگی یەکدا بۆسەر کۆنگرێسی ئەمەریکا 5 کەس گیانیان لەدەستدا.

کەسایەتییە باڵاکانی کۆمارییەکان مشتومڕیانە لەسەر هەردوو ڕەهەندی سیاسی و دەستوریی ئەم داوایەی دیموکراتەکان و بە گومانن لەوەی بتوانرێت سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دادگایی بکرێت، هەرچەندە دیموکراتەکان 50 کورسییان هەیە لە سیناتدا، بەڵام تێپەڕاندنی ئەم داوایەیان پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی سینات هەیە و ناشتوانن ئەو 17 دەنگەی تری کۆمارییەکان کە پێویستە، مسۆگەر بکەن.

مارکۆ ڕۆبیۆ، گەورە کۆماری لە کۆمیتەی هەواڵگری سیناتدا بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە "پێموایە دۆسێی دادگایکردن کارێکی گەمژانەیە و بەرەنجامێکی پێچەوانەشی دەبێت، ئێمە هەر لە ئێستادا ئاگرێکی کڵپەکردوو لە وڵاتەکەماندا هەیە و ئاوەها هەنگاوێکیش کردنی نەوتە بەسەر ئەو ئاگرەدا و ئاگرەکەش زیاتر دەکات."

ڕۆبیۆ لەو دیمانەیەیدا دانی بەوەشدا ناوە، ترامپ بەشێکی بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ لە ڕووداوەکانی ڕۆژی 6ی مانگی یەکدا، بەڵام دەشڵێت هەر جموجۆڵێکی تر زیان لە وڵاتەکە دەدات.