سەرۆکی ئیتالیا داوا لە وڵاتی میسر دەکات تا هاوکاری دادپارێزانی ئیتالیایی بکات لە پرۆسەی دادگایی کردنی ئەو ئەفسەرە ئاسایشیانەی میسردا کە دەستیان هەبووە لە ئەشکەنجەدان و کوژرانی خوێندکارێکی ئیتالیاییدا لە قاهیرە.
سێرگیۆ ماتاریلا، سەرۆکی ئیتالیا لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا کە هاوکاتە لەگەڵ پێنجەمین ساڵی دیارنەمانی یۆلیۆ ڕیجینی، داوا لە دەسەڵاتدارانی وڵاتی میسر دەکات وەڵامێکی تەواو و گونجاویشیان هەبێت بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئیتالیا لەسەر ئەم دۆسێیە.
ڕیجینی لە ڕۆژی 25ی مانگی یەکی ساڵی 2016وە لە قاهیرە بێسەروشوێن کرا.
ڕیجینی تەمەن 28 ساڵ و خوێندکاری بڕوانامەی دکتۆرا بوو لەسەر دۆسێ هەستیارەکانی ڕێکخراوە بازرگانییەکانی میسر، تەرمەکەی پاش چەند ڕۆژێک لە دیارنەمانی، لە دەوروبەری قاهیرە دۆزرایەوە.
مردنەکەیشی بووە مایەی شەپۆلێکی توڕەیی و ناڕەزایی لە ئیتالیا و پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆما و قاهیرەشی تێکدا و حکومەتی ئیتالیاش بەردەوام حکومەتی وڵاتی میسری گوناهبار کردووە بەوەی هاوکاری لێکۆڵینەوەکان ناکات.
دادپارێزانی ئیتالیایی لە هەفتەی ڕابردوودا، داوای دادگاییکردنی 4 ئەفسەری ئاسایشی میسریان کردووە بە تاوانەکانی ڕفاندن و پیلانگێڕان بۆ کوشتن و ئەشکەنجەدان. بڕیاریشە دانیشتنی بەرایی دادگاییکردنەکان بە بێ ئامادەبوونی گوناهبارکراوەکان، ڕۆژی 29ی مانگی 4 بکرێت.
سەرۆکی ئیتالیا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "مردنی ئەو خوێندکارە برینێکی قوڵی کردە دڵی هەموو ئیتالیاییەکان"و دەشڵێت دڵیشی لای باوانی ڕیجینییە کە هەڵمەتێکیان بۆ سەپاندنی دادوەری دەستپێکردووە.
دادپارێزانی ئیتالیا دەڵێن بە خراپی ڕەفتار لەگەڵ ڕیجینیدا کراوە بەر لە مردنەکەی و پاوڵای دایکیشی دەڵێت تەنها بە نیشانەکەی سەر لوتیدا، توانیویەتی تەرمی کوڕەکەی بناسێتەوە.
لە مانگی 12ی ڕابردوودا، دادپارێزی گشتی وڵاتی میسر 5 ئەفسەری ئاسایشی وڵاتەکەی بە بێتاوان دانا و وتووشیەتی ئەم دۆسێیەیان لەسەر لادەبات. ڕۆما ئەو بڕیارەی وەها ناودێر کرد کە جێی قایل بوون نییە.
لەگەڵ ئەو پشێویە دیپلۆماسیانەی نێوان قاهیرە و ڕۆمادا، بەڵام ساڵی ڕابردوو ئیتالیا، سەودای فرۆشتنی 2 کەشتی جەنگیی بە میسر پەسەند کرد بە بڕی یەک ملیار و دوو سەد ملیۆن دۆلار.