دوو خوێندکار لە تورکیا دەستگیردەکرێن بە تاوانی هاندانی ڕق و کینە و هەروەهاش سوکایەتیکردن بە بەها ئاینییەکان.
ئەم تاوانبارکردنانەش بەهۆی پۆستەرێکەوە بووە کە پیرۆزترین شوێنی ئاینی موسڵمانەکانی لەسەر بووە و لەگەڵ ئاڵای هاوڕەگەزخوازەکاندا دانراوە.
ئەو دوو خوێندکارە درەنگانێکی ڕۆژی شەممە دەستگیرکراون، پاش ئەوەی گەورە کاربەدەستانی تورکیا ناڕەزاییان دەربڕیبوو بەرامبەر پۆستەرەکە.
ئەو پۆستەرە لە پێشانگایەکی زانکۆی بسفۆڕ نیشاندرابوو، ئەم زانکۆیە ناودارترین زانکۆی تورکیایە.
کاربەدەستانی حکومەت کە سەر بە پارتی کۆنەپارێزی فەرمانڕەوای تورکیان، ناڕەزاییەکی زۆریان دەربڕیوە بەرامبەر پۆستەرەکە.
شاری مەککە، کە کەعبەی لێیە، پیرۆزترین شاری موسڵمانەکانە.
لە تێکستی سەر ئەو پۆستەرەدا نوسراوە "ڕەخنە لە ڕۆڵی کاری جێندەری"
خوێندکاران و مامۆستایانی ئەم زانکۆ ناودارەی ئەمەریکا چەندان هەفتەیە ناڕەزایی دەردەبڕن بەهۆی بڕیاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیاوە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ زانکۆکەیان. ئەو سەرۆکە نوێیەی زانکۆکە، پەیوەندی هەیە بە پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوای تورکیاوە کە ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات.
سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە " هاوڕەگەزخوازە لادەرەکان دەستگیرکراون بەهۆی بێڕێزیکردن بە کەعبەی پیرۆز و مەزن."
بەڕێوبەرایەتی کاروباری ئاینی لە تورکیا دەڵێت ڕێکاری یاسایی دەگرێتە بەر دژی ئەوانەی بەشدارییان هەبووە لەو پۆستەرەدا.
ئۆفیسی فەرمانڕەوای شاری ئەستانبوڵ دەڵێت، تا ئێستا 5 کەس دەستگیرکراون و هێزەکانی پۆلیسیش بە شوێن 2 گومانباری تردا دەگەڕێن، یەکێک لەوانەی گیرابوون، ئازادکراوە و دوو کەسی تریشیان لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەرن و دووانەکەی تریشیان لە گرتوخانە هێڵراونەتەوە تا ڕۆژی دادگاییکردنیان.
هەر لەو ڕاگەیەندراوەی ئۆفیسی فەرمانڕەوای ئەستانبوڵدا هاتووە "هێزەکانی پۆلیس نێوەندی هونەری و نێوەندی هاوڕەگەزخوازانی زانکۆکەیان پشکنیوە و کتێبی ڕێکخراوێکی کوردیی لە یاسا دەرچوویان دۆزیوەتەوە و هەروەها ئاڵای پەلکە زێڕینەی هاوڕەگەزخوازانیان دۆزیوەتەوە."
سەرۆکی زانکۆی بسفۆڕ کە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی زۆر بۆتەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە " هێرشکردنە سەر بەهاکانی ئیسلام جێی قایل بوون نییە و لەگەڵ کلتوری زانکۆشدا یەکناگرێتەوە."
ڕێکخراوی خوێندکارانی زانکۆی بسفۆڕ دەڵێت، ئەو پێشانگایە کە زیاتر لە 300 تابلۆی تیادا نیشاندراوە وەک ناڕەزایی دەربڕین بووە بەرامبەر سەرۆکی نوێی زانکۆکە. ئەم ڕێکخراوە داندەنێت بەوەی خوێندکارە ئیسلامییەکان کێشەیان هەبووە لەگەڵ پۆستەرە هونەرییەکانی لە پێشانگاکەدا نیشاندراون.