لە میانمار کودەتا دەکرێت و ئەمەریکا لە پێشەنگی کاردانەوەکاندایە

هێزە ئاسایشییەکان لەسەر شەقامەکانی شارەکانی میانمار

لەشکری میانمار لە کودەتایەکی بێ خوێنڕشتندا دەستی گرتووە بەسەر دەسەڵاتدا و ئۆن سان سوچی، ڕێبەری هەڵبژێردراوی وڵاتەکەشی دەستگیرکردووە و هەروەها باری نائاسایی ڕاگەیاندووە بۆ ماوەی یەک ساڵ.

ئەم کودەتا لەشکرییە، کۆتایی بە 10 ساڵی فەرمانڕەوایەتی سیڤیلی هێنا لە میانمار، لەشکر ڕەوایی بەم کودەتایە داوە وەک دەڵێت فێڵ و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکەی مانگی یازدەی ڕابردوودا کراوە. لەو هەڵبژاردنەدا لایەنەکەی ئۆن سان سوچی، کۆمکاری نیشتمانی بۆ دیموکراسی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنابوو.

ئەم کودەتایە بۆتە مایەی ناڕەزاییەکی نێونەتەوەیی و ئەمەریکا لە پێشەنگی ئەو کاردانەوانەدایە کە هەن و داواش دەکات دەستبەجێ دیموکراسی لە میانمار بگەڕێندرێتەوە جێی خۆی.

لە ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی سپیدا هاتووە "ئەمەریکا دژی هەموو ئەو هەوڵانەیە کە بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی میانمار دەدرێن و هەروەهاش دژی تەگەرە دانانە لە بەردەم پرۆسەی دیموکراسی میانماردا." هەر لەو ڕاگەیاندنەشدا هاتووە ڕێوشوێن دژی سەرکردە لەشکرییەکانی میانمار دەگرێتەبەر ئەگەر لەو کودەتایە پەشیمان نەبنەوە.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش داوا لە لەشکری میانمار دەکات "سەرجەم بەرپرسانی حکومەت و ڕێبەرانی سیڤیلی وڵاتەکە ئازاد بکرێن و ڕێز لە خواستی گەلی میانمار بگیرێت کە لە هەڵبژاردنەکەی مانگی یازدەدا دەنگیان لە بەرژەوەندی دیموکراسی داوە."

ئۆن سان سوچی و هەروەها وین میانت سەرۆکی میانمار، بەر لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە نایپیاداو، پایتەختی میانمار دەستگیر دەکرێن. ئەم دەستگیرکردنانەش بەر لە چەند کاتژمێرێک بووە لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتەکە، لەوەتای هەڵبژاردنەکەی مانگی یازدەوە.

لەشکر کۆنترۆڵی شەقامەکانی پایتەختی وڵاتەکەی کردووە و هێزی چەکدار و زرێپۆشی داناون و هەروەها هەلیکۆپتەریش بە ئاسمانی پایتەختدا دەسوڕێنەوە.

دواتر لەشکر لە ڕێی کەناڵی تەلەفزیۆنی خۆیەوە، باری نائاسایی لە میانمار ڕاگەیاند بۆ ماوەی یەک ساڵ.

لەشکری میانمار دەڵێت میێنت سوی، ژەنەراڵی پێشوو وەک سەرۆکی کارگێڕ بۆ یەک ساڵ دەستبەکار دەبێت.

هەر لەو ڕاگەیاندنەی لەشکردا هاتووە لە دەنگدانەکەی مانگی یازدەی ڕابردوودا، فێڵ و تەڵەکەیەکی زۆر کراوە و دەشڵێت "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش نەیتوانیوە ڕێگری لەو ساختەکاریانە بگرێت."

لەشکر دەڵێت "دەبێت ئەم ڕەوشە بەپێی یاسا چارەسەر بکرێت، هەر بۆیەشە باری نائاسایی ڕادەگەیەندرێت لە سەرانسەری وڵاتدا."

دواتر لەشکر پەیمان دەدات پاش ئەم یەک ساڵەی باری نائاسایی، هەڵبژاردنێکی نوێ لە میانمار بکرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی لەشکری میانماردا هاتووە " ئێمە ڕێی دیموکراسی فرە لایەنی دەگرینەبەر، بە هاوسەنگی و ڕەواییەکی تەواوەوە."

ئۆن سان سوچی، بەر لەوەی دەستگیر بکرێت لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە گەلی میانمار دەکات تا "بە کودەتا قایل نەبن."
ئەم ڕاگەیەندراوەش لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووکی سەرۆکی کۆمکاری نیشتمانی بۆ دیموکراسی بڵاوکراوەتەوە.