لیبیاییەکان ڕێبەرانی کاتیی بۆ وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاگاهی دەدات

وێنەی کۆبوونەوەی لیبیاییەکان لە ژنێڤ

شاندەکانی لیبیا لە ژنێڤ کۆبوونەتەوە بۆ دەستنیشانکردنی ڕێبەرانی کاتیی بۆ وڵاتە بە شەڕ وێرانبووەکەیان.

هاوکاتی ئەم کۆبوونەوانەش، نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە لە گرنگی ڕێزگرتن لە وابەستەبوونی لایەنەکانی لیبیا بۆ ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە لە مانگی 12ی ئایندەدا بکرێت.

ئەو 75 ئەندامەی ئەنجومەنی دیالۆگی سیاسی لیبیا، تا ڕۆژی هەینی وادەیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرەک وەزیرێک و هەروەهاش 3 ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی لیبیا لەو لیستەی لە 45 کاندید بۆ ئەو پۆستە کاتییانە پێکهاتووە.

ئەرکی ئەم ڕێبەرایەتییە نوێیە، فەرمانڕەوایەتی کردنی لیبیای دەوڵەمەند بە نەوتە تا ڕۆژی هەڵبژاردن، وەک بڕیارە لە ڕۆژی 24ی مانگی 12دا بکرێت.

ستیفەنی ویلیامز، نێردراوی کارگێڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ دووشەممەی ڕاگەیاندووە "دەستنیشانکردنی ئەو ڕۆژە بۆ هەڵبژاردن لەسەر ڕۆژژمێر ناسڕدرێتەوە." و دەشڵێت ئەم بڕیارە لەلایەن تێکڕای خەڵکەوە پەسەند کراوە و دەبێت ڕێز لەو بڕیارە بگیرێت جا بە هەر نرخێک بێت.

ئەم گەورە کاربەدەستەی یو ئێن بۆ لیبیا دەڵێت "گەلی لیبیا لە پشتتانە، پشیوانیتان دەکات و دەشیەوێت سەرکەوتوو بن و هیوا بڕاوی مەکەن."

لیبیا بەهۆی شەڕی ناوخۆوە وێران بووە. ئەم شەڕەش لەپاش ڕوخاندن و کوشتنی موعەمەر قەزافی دیکتاتۆری درێژخایەنی لیبیا دەستیپێکرد.

هاوپەیمانێتی ناتۆ پشتیوانی لە سەرهەڵدانی گەلی لیبیا کرد لە ساڵی 2011دا.

لە ئێستادا لیبیا دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، یەکێکیان ئەو حکومەتەیە لە تەرابلوسەوە بەڕێوەی دەبات و بە حکومەتی پەیمانی نیشتمانی ناودێر دەکرێت، ئەوی تریشیان لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیە و پێی دەگوترێت حکومەتی ئەنجومەنی نوێنەران و ژەنەراڵ خەلیفە حەفتەر، سەرکردە بەهێزە لەشکرییەکەی لیبیا، پشتیوانی دەکات.