هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کان نیگه‌رانن له‌  مامه‌ڵه‌ی هه‌ردوو حکومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌کانی به‌ پارێزگاکردنیدا

نوسینگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ، به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆ کردنی دواین هه‌وڵه‌کانی چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی ، گفتووگۆیه‌کی کراوه‌ی له‌نێوان ئیداره‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌ندامێکی په‌رله‌مانی عێراق که‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌کان هاتبوو ڕێکخست، که‌ تێیدا هۆکاری نه‌ناساندنی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕه‌سمی له‌لایه‌ن حکومه‌تی عێراقه‌وه‌ بۆ کێشه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا گه‌ڕانده‌وه‌ .

د. موسه‌نا ئه‌مین ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ لێدوانێکی تایبه‌تدا به‌ ده‌نگی ئه‌مەریکای ڕاگه‌یاند سه‌رجه‌م که‌یسه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ یاسایین، به‌ڵام به‌ سیاسی ده‌کرێن له‌ به‌غدا و ده‌رهاوویشته‌ی ناکۆکیه‌کانی هه‌رێم و ناوه‌ندن، عێراق له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناساندنی هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ک 19 هه‌مین پارێزگای عێراق، په‌یوه‌سته‌ به‌ بودجه‌ و مامه‌ڵه‌ی ئیداریه‌وه‌ نایه‌وێت بیکات .

هاووڵاتیانی پارێزگاکه‌، وه‌ک خویان ده‌ڵێن له‌ مانگه‌کانی 2-3 وه‌فدێکی زۆری حکومی و حیزبی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و ناوه‌ند دێنه‌ پارێزگاکه‌ به‌ڵام ده‌رئه‌نجامی ووته‌ و کرداره‌کانیان دیارنین ، ماردین مه‌حمود هاووڵاتیه‌کی به‌شداربووی دانیشتنه‌که‌ بوو له‌ لێدوانێکدا به‌ ده‌نگی ئه‌مەریکای ڕاگه‌یاند پرسی هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق و یادی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ هۆکارن بۆ ئه‌م دانیشتنانه‌ ده‌نا هه‌ڵه‌بجه‌ له‌بیر کراوه‌.

کاوه‌ عه‌لی جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لێدوانێکدا به‌ ده‌نگی ئه‌مەریکای ڕاگه‌یاند کێشه‌کانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ په‌یوه‌ستن به‌ هه‌ردوو حکومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێمه‌وه‌ ، تاوه‌کو ئێستا که‌یسی هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌بووه‌ته‌ ته‌وه‌ری گفتوو گۆی ئه‌و وه‌فدانه‌ی ده‌چنه‌ به‌غدا ، له‌به‌رامبه‌ریشدا دوای سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ، هه‌موو ناوی وه‌فده‌که‌ و داواکارییه‌ یاساییه‌کانمان ناردن به‌ڵام تا ئێستا پێمان ده‌ڵین بواری ئه‌و سه‌ردانه‌ نه‌ڕه‌خساوه‌ .

له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو حکومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێم چه‌ندین به‌ڕیوبه‌رایه‌تی گشتی و فه‌رمانگه‌ی فیدراڵی کراونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام له‌ هه‌ردوو حکومه‌ته‌که‌دا و له‌ به‌شێک له‌ دامه‌زراوه‌کاندا تا ئێستاش هه‌ڵه‌بجه‌ قه‌زایه‌، له‌ ئیداره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ چه‌ندین یاداشت ئاراسته‌ی هه‌ردوو حکومه‌ته‌که‌ کراوه‌ به‌ڵام تا ئێستاش وه‌ڵامه‌کانیان دیارنین.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی فەرحان