هەرێمی کوردستانی عێراق بەردەوامە لە ناردنی شاندەکانی خۆی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە کردن لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی نێوەندی عێراق و هەروەها لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەدا.
بەڵام تا ئێستا و پاش زنجیرەیەک کۆبوونەوە، هێشتا ڕێککەوتنێکی کۆنکریتی نەکراوە و پێشناچێت گەیشتبنە ئەوەی زەمینەیەکی لێکتێگەیشتنیش بۆ ڕێککەوتن هاتبێتە ئاراوە.
هەردوو لایەنیش پێش و پاش وتووێژەکانیان، دەستوری عێراق دەکەنە سەنگی مەحەک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان، بەڵام ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ئەو وتووێژانە چین و چی نین و چی باسدەکرێت و چۆنیش باس دەکرێن، هێشتا ناتوانرێت پشتڕاست بکرێنەوە.
لەم هەموو کۆبوونەوانەدا، ئەوەی زیاتر سەرنج ڕادەکێشێت ئەوەیە، داواکانی بەغدا زیاتر قورستر دەبن، وەک هەندێک لە چاودێر دەڵێن "جێبەجێکردنی ئەو داوایانە لە هەرێمی کوردستان زۆر قورسن، ئەمە ئەگەر مەحاڵ نەبن."
تەواوی دانوستاندنەکان پێدەچێت هەر لەسەر بودجەی ساڵی 2021 و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بن؛ بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تر بکرێن وەک ناوچە دابڕێندراوەکان و هێزی پێشمەرگە و هتد.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر ئەمین بەکر، ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
هاوکاتی تۆمارکردنی ئەم بەرنامەیە (ڕۆژی چوارشەممە) شاندی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بەغدا بوو، هەرچەندە نازانرێت ئەمە دوا سەردان دەبێت یان ژمارەیەک سەردانی تریشی بە دوادا دێت یان نا.
شاندەکە لە کۆبوونەوە و وتووێژێکی چڕ و پڕدا بووە لەگەڵ لیژنەی دارایی و فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی عێراقدا. هێشتا ئەنجامەکانی ئەو وتووێژانە دیار نین و دەشێت لە ڕۆژی دەنگدان لەسەر بودجەی 2021 ئەو ئەنجامانە دەربکەون.
بێگومان هەڵوێستەکان لە بەغدا بەرامبەر ئەم دۆسێیە جیاوازن، هەر بۆیە دەکرێت خوێندنەوەی سیاسیانەش بۆ ئەگەر و نەگەرەکانی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێریش بکرێت.
شیکەرەوە ئاماژە بە ژمارەیەک ئەگەری وەک دەڵێن مەترسیدار دەکەن ئەگەر بێتوو ڕێککەوتن نەکرێت، هەروەها بە دوریش نازانرێت کاریگەرییە دەرەکییەکان ڕۆڵیان هەبێت لە ئاڵۆزبوونی زیاتری ڕەوشەکەدا و بە تایبەتیش ڕۆڵی هەردوو وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری تورکیا.
ئێران لە ڕوانگەی دەستێوەردان و دەستهەبوونی ڕاستەوخۆ لە گەورە و بچوکی بڕیارەکانی عێراقدا و تورکیاش لە سۆنگەی ڕێککەوتنی 50 ساڵەی نەوت لەگەڵ هەولێردا.
ئایا دۆسێی نەوت و ڕادەستکردنی نەوت لە نێوان بەغدا و هەولێردا بە چی گەیشت؟
ئایا ڕۆڵی ئێران و تورکیا چین لە دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا؟
ئایا ناکۆکییەکان و جیاوزای دید و بۆچوونەکان بەرامبەر بەغدا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، هەرێم بەرەو کوێ دەبات؟
ئایا بەغدا یان هەولێر، تێگەیشتن و خواستی زیاتریان هەیە بۆ ڕێککەوتن؟
دکتۆر ئەمین بەکر، ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5