دەیان هەزار هاوڵاتی میانمار دەستیان کردۆتەوە بە خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین دژ بەو کودەتا سەربازییەی, ئۆن سان سوچی سەرۆکی دەسەڵاتی سیڤیلی وڵاتەکەی ڕوخاند.
خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە گەورەترین خۆپیشاندانی میانمار دادەنرێت لەوەتای ئەو شەپۆلی ناڕەزاییەی لە ساڵی 2007دا وڵاتەکەی گرتبووەوە.
بەپێی زۆرێک لە مەزەندەکان نزیکەی 100 هەزار کەس لەبەردەم باڵەخانەی شارەوانی پایتەختدا گردبووبوونەوە و پۆلیسی دژە ئاژاوەش بە شیوەیەکی بەرچاو لە پایتەختی میانمار بڵاوبووبوونەوە، بەڵام هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر پێکدادان نەدراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زۆرێک لە پەیامنێرانی نێوەندە جیهانییەکانی هەواڵ، خۆپیشاندان لە زۆر شار و شارۆچکەی ئەو وڵاتەدا کراون.
خۆپیشاندەران لە ڕانگون دروشمی "دیکتاتۆریەتمان ناوێت، دیموکراتیمان دەوێت" دەگوتەوە و خۆپیشاندەران گوڵیان دەدا بە هێزەکانی پۆلیس و هەندێک لە خۆپیشاندەرانیش دروشمی "دایکە سوچی ئازاد بکەن" هەڵگرتبوو، وەک ئاماژەیەک بۆ ئۆن سان سوچی.
بەشداربووانی ئەم خۆپیشاندانەی ئەمڕۆ یەکشەممە دەڵێن بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان تا ئەو کاتەی دیموکراسی جێگیر دەبێت و دیکتاتۆری دەڕوخێت.
لەوەتای ساڵی 1948ەوە کە میانمار سەربەخۆیی خۆی وەرگرتووە، بۆ نزیکەی پەنجا ساڵ لەشکر فەرمانڕەوایەتی وڵاتەکەی کردووە.
خەڵکی میانمار دروشمی "لە سەرکوتکردن ناترسین و تا کۆتایی خەبات دەکەین" دەوتەوە.