کەسوکاری زیندانیانی دەڤەری بادینان لە هەولێر دەستگیردەکرێن

فۆتۆ بە کامێرای ئەحمەد زێباری، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا

ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و مامۆستایانەی دەڤەری بادینان کە لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراون، دەیانویست لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر گردبوونەوە بکەن بۆ ئازادکردنی ئەو چالاکوان و مامۆستا و ڕۆژنامەنووسانەی كە كەسوكاریانن بەڵام وەک خۆیان دەڵێن ڕێگریان لێکراوە و بەشێکیشیان دەستگیرکراون.

زێدان زێباری، برای ڕۆژنامەنووسی دەستگیركراو، گوهدار زێباری، بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" ئەمڕۆ ئێمە وەکو کەسوکاری زیندانیان بەرنامەمان وابوو بچینە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بەداخەوە بازگەی چەمە رێگای نەدا بچینە هەولێر و هەر ئەو کات ئێمەی گەڕاندەوە بەڵام ژمارەیەک لە کەسو کاری زیندانیانی تر گەیشتنە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بەداخەوە هەر ئەوکات لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکران، بەهیچ شێوەیەک نەیانهێشت دەنگی خۆمان بگەیەنینە نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمان و تا ئێستاش زۆرێک لە کەسو کاری زیندانیانی دهۆک و زاخۆ و ئاکرێ ئازاد نەکراون و لەنێو دەستگیرکراوەکاندا ژن و منداڵیش هەن."

دەنگی ئەمەریكا بۆ وەرگرتنی ڕا و لێدوانی دەزگا ئەمنیەكان پەیوەندی بە ئاسایش و پۆلیسەوە كرد تا ئەوانیش سەبارەت بەو پرسە لە زاری خۆیانەوە باسی ڕووداوەكە بدەن بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێك لەوبارەیەوە بدەن.

زکری ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" ئەمە نزیکەی شەش مانگە هەندێک کەس لە چالاکوانانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس و مامۆستا دەستگیرکراون لەبەر ئەوەی کە داوای موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو تومەتی هاندانی خۆپێشاندانیان بۆ دروستکراوە، وەکو لیژنەی مافی مڕۆڤ زۆر هەوڵماندا چارەنووسی ئەوانە بزانین بەداخەوە تا ئێستا نەمانزانیوە."

ئەم ئەندامەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەشڵێت" بەداخەوە کەسوکاری ئەوانە کە نزیکەی حەفتا و شەش كەس بوون دەیانویست بێنە هەولێر تا چارەنووسی کەسوکاری خۆیان بزانن هەندێکیان هاتبوونە بەردەم یو ئێن و نیازیشیان وابوو بێنە پەرلەمانی کوردستان و هەندێکیان هەر لە بازگەی بادینان ڕێگریان لێکراوە و نەیانهێشتووە بێن، ئەوانەی كە دەستگیركراون تا ئێستا لە مەرکەزی بەختیارین ئازاد نەکراون و وەکو ئەندامێکی پەرلەمان لە هەوڵێکی بەردەوامدام بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەوەی ئازاد بکرێن و پەیوەندی بە لایەنی پەیوندیدار دەکرێت و چاوەڕێ دەکەین کەی ئازاد دەکرێن و بەداخەوە نەدەبووایە دەستگیربکرێن."

ئەحمەد زێباری

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا