ڕێبەرانی ئۆپزسیۆنی سۆماڵیا ڕایدەگەیەنن چییدی داننانێن بە سەرۆکایەتی موحەمەد عەبدوڵاهی موحەمەدا، پاش ئەوەی گەڕی سەرۆکایەتییەکەی تەواو بووە و هیچ ڕێککەوتنێکی سیاسیش نەکراوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تا هەڵبژاردن دەکرێت و کەسێکی تر جێی بگرێتەوە.
وەها بڕیاربوو بەر لە ڕۆژی 8ی مانگی 2 هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ بکرێت، بەڵام حکومەتی نێوەندی و هەرێمە فیدراڵییەکان شکستیان هێنا و نەیانتوانی بەربەستی چۆنییەتی بەڕێوەبردنی دەنگدانیش بشکێنن.
ئەمەش وەهای کردووە لە ئێستادا ئەم وڵاتەی قۆچی ئافریکا بکەوێتە ناو تەنگژەیەکی سیاسییەوە، شانبەشانی یاخیبوونێکی توندوتیژئامێزی ئیسلامی و هێرشی کوللە بۆسەر وڵاتەکە و هەروەهاش کەمی خۆراک.
هاوپەیمانێتییەکی کاندیدەکانی ئۆپزسیۆن، داوای لە سەرۆکی سۆماڵیا کردووە تا "ڕێز لە دەستور بگرێت" و دڵنیایی بدات لەسەر گواستنەوەیەکی ئاشتیانەی دەسەڵات لەو وڵاتە لەرزۆکەدا.
لە ڕاگەیەندراوێکی درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممەدا، کاندیدەکانی ئۆپزسیۆن دەڵێن "لە ڕۆژی 8ی مانگی 2وەوە، ئەنجومەنی کاندیدەکانی ئۆپزسیۆن، موحەمەد عەبدوڵاهی وەک سەرۆکی وڵاتەکە دانانێن و ئەنجومەنیش بە هیچ شێوەیەکی درێژکردنەوەی گەڕی سەرۆکایەتی لەژێر فشاردا قایل نابێت."
ئەم هاوپەیمانێتییەی ئۆپزسیۆن لە دژی عەبدوڵاهی پێکهێنراوە، بەڵام کاندیدی تیادا هەیە کە بەتەنیا دەیەوێت بچێتە هەڵبژاردنەوە لەبەرامبەر سەرۆکی وڵاتەکەدا، دووان لەو کاندیدانەش پێشتر سەرۆکی سۆماڵیا بوون.
ڕێبەرانی ئۆپزسیۆن داوای پێکهێنانی ئەنجومەنێکی نیشتمانی قۆناغی گواستنەوە دەکەن و سەرۆکی پەرلەمان و کەسایەتییەکانی ئۆپزسیۆن و ڕێبەرانی خۆجێیی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سیڤیلی تیادا بن و لەم قۆناغەدا وڵاتەکە بەڕێوەبەرن.
هەندێک لە شەقامەکانی مەگادیشۆ، بەو شەقامەیشەوە کە دەڕواتە باڵەخانەی پەرلەمان، لەمڕۆ دووشەممەدا داخراون، پاش ئەو گرژییانەی لە پایتەختدا هەبوون.