کرملن داکۆکی دەکات و یەکێتی ئەوروپاش بیر لە سزادان دەکاتەوە

کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەی مۆسکی نێوان بەڕێوبەری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا و وەزیری دەرەوەی ڕوسیا

کرملن داکۆکی دەکات لە بڕیاری دەرکردنی دیپلۆماتانی یەکێتی ئەوروپا هاوکاتی سەردانە ئاست بەرزەکەی گەورە دیپلۆماتی یەکێتی ئەوروپا و دەشڵێت هێشتاش بایەخ بە بوژاندنەوەی پەیوەندییەکان دەدات لەگەڵ برۆکسلدا.

ڕوسیا ڕۆژی هەینی بڕیاری دەرکردنی دیپلۆماتەکانی ئەڵمانیا و سوید و پۆڵەندای داوە، هاوکاتی کۆبوونەوە دەگمەنەکەی مۆسکۆ، لە نێوان جۆسپ بۆرێل، بەڕێوبەری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا و سێرگیێ لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا.

دیمتری پیسکۆف، وتەبێژی کرملن ئەمڕۆ دووشەممە بە ڕۆژنامەوانانی وتووە "ڕاگەیاندنی ئەوەی 3 دیپلۆماتە بیانییەکان کەسی نەخوازراون، بەرەنجامی کاری نایاسایی خۆیانە هاوکاتی ئەو ئاژاوەگێڕیانەی لە وڵاتەکەدا هەبوون و ڕوسیاش بە ڕوونی و ئاشکرایی ڕایگەیاندووە پشوو درێژ نابێت بەرامبەر بەو جۆرە کارانە."

لە مانگی یەکدا دەیان هەزار خۆپیشاندەری ڕوسیایی، لە دوو پشووی لەسەر یەکی هەفتەدا، خۆپیشاندانیان کرد دژی 20 ساڵی فەرمانڕەوایەتی ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا و داوای ئازادکردنی ئالیکسی ناڤاڵنی، سیاسەتمەداری ئۆپزسیۆنیان دەکرد. ناڤاڵنی، ناودارترین ڕەخنەگرە لە سەرۆکی ڕوسیا و لە هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی 3 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەڕێوبەری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت ئەو کاتەی لە کۆبوونەوەدا بووە لەگەڵ لاڤرۆڤدا، بەو بڕیارەی زانیوە بۆ دەرکردنی دیپلۆماتکارانی ئەو 3 وڵاتە ئەندامەی یەکێتی ئەوروپا لە ڕوسیا و دەشڵێت "ناڕەزاییەکی توندی دەربڕیوە دژی بڕیارەکەی مۆسکۆ."

بۆرێل، پێشتر ئاماژەی بەوە دەکرد هیچ پلانێکی دەستبەجێیی نییە بۆ سزای نوێی یەکێتی ئەوروپا لەسەر ڕوسیا. بەڵام پاش گەڕانەوەی لەو سەردانەی مۆسکۆ دەڵێت "ڕوسیا دیالۆگی بابەتیانە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا ڕەتدەکاتەوە و دەبێت ئەوروپا پوختەی بەرەنجامەکان بزانێت بە شییانی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ڕوسیادا."

پیسکۆف لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا دەڵێت "هێشتاش روسیا بوژاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و برۆکسل بە گرنگ و بەسود دەزانێت و مۆسکۆش هەنگاوی نەنانوە بۆ داڕمانی ئەو پەیوەندییانە."

زوویەکی ئەمڕۆش دووشەممە، وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا، بە ئاژانسی دەنگ و باسی ڕوسیای ڕاگەیاندووە کە وڵاتەکەی توشی سەرسوڕمان هاتووە لەو تێبینی سەرنجانەی بۆریل داونی و دەشڵیت "تەواو پێچەوانەی ڕاگەیەندراوەکانیەتی، هاوکاتی سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ."

ڕێبەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە توندی ناڕەزاییان دەربڕیوە لەسەر ئەو بڕیارەی مۆسکۆ و دەشڵێن پەیوەندیەکان زیاتر خراپ دەکات، لە کاتێکدا ئەو پەیوەندیانە خراپتر بوون پاش بڕیاری زیندانیکردنی ناڤاڵنی بۆ 2 ساڵ و هەشت مانگ.

وەها چاوەڕوان دەکرێت بۆرێل ڕۆژی 22ی ئەم مانگە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی 27 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپادا کۆببێتەوە بۆ وتووێژکردن لەسەر سەپاندنی سزای نوێدا بەسەر مۆسکۆدا، ئەم بڕیارەش پێویستی بە تێکڕای دەنگی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەیە.