چوار ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی ڕایانگەیاند لە ماوەی ئەم ساڵدا بە لایەنی کەمەوە 400 هەزار منداڵی یەمەنی ژێر تەمەن پێنج ساڵان بەهۆی برسێتی گیانیان لەدەستدەدەن ئەگەر دەستبەجێ خۆراک و فریاگوزارییان پێنەگات لەکاتێکدا ڕێژەی بەرزبونەوەی بەدخۆراکی بەڕادەیەکی گەورە بەرزبۆتەوەو هاوکاتی بەردەوامی شەڕو پێکدادان و سەرەڕای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش.
ئەم هۆشدارییە نزیکەی شەش ساڵ دوای سەرهەڵدانی جەنگە کە وای کردووە لە 80 ٪ ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پشت بە یارمەتییە مرۆییەکان ببەستن .
ئاژانسەکان لەڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی هەینی بڵاویانکردۆتەوە دەڵێن بەبەراورد بەساڵی 2020 ، 22 ٪ ی زیادبوونی بەدخۆراکییەکی لەڕادەبەدەری ترسناک لەنێوان منداڵانی خوار تەمەنی 5 ساڵی یەمەندا لەئارادایە. بەهۆی ئەو بەدخۆراکیە ترسناک و لەڕادەبەدەرەوە مەترسی گیانلەدەستدانی مناڵەکان زیادی کردووە. هەرلە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە ناوچەکانی عەدەن، حودەیدە، تەعز و سەنعا کراوە کە ئەو ناوچانەن زیانێکی زۆریان لێکەوتووە.