ئۆن سان سوچی دادگایی دەکرێت

ئۆن سان سوچی، ڕێبەری لەکار لادراوی میانمار، لەم هەفتەیەدا ئامادەی دادگا دەبێت لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، وەک پارێزەرەکەی دەڵێت، بەهۆی ئەو گوناهبارکردنانەی لەلایەن حکومەتی نوێی لەشکریی وڵاتەکەوە ڕووبەڕووی کراونەتەوە.

ژەنەراڵ مین ئۆن، سەرکردەی لەشکر ڕەوایی داوە بە کودەتاکەی ڕۆژی یەکی مانگی 2ی ئەمساڵ و دەڵێت فێڵ و تەڵەکەیەکی زۆر لە هەڵبژاردنەکەی مانگی یازدەی ڕابردووی وڵاتەکەدا کراوە.

لەو هەڵبژاردنەدا کۆمکاری نیشتمانی بۆ دیموکراسی سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنا. خانم سان سوچی، سەرۆکایەتی ئەم کۆمکارەی دەکرد.

دوو ڕۆژ پاش کودەتاکە، ئۆن سان سوچی تەمەن 75 ساڵ و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ ڕووبەڕووی گوناهبارکردنێکی نائاسایی بووەوە وەک دەڵێن پێشێلی یاساکانی هاوردە و هەناردەی میانماری کردووە.

وین میێنت، سەرۆکی میانماریش وەک ئۆن سان سوچی دەستگیر کراوە و بە پێشێلکردنی کۆتوبەندەکانی بۆ بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دانرابوون گوناهبارکراوە، وەک دەگوترێت لە مانگی 9ی ڕابردوودا بەشداری لە هەڵمەتێکدا کردووە و سەدان کەس بەشداربوون تیایدا.

خین ماونگ زاو، پارێزەر، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ دادوەرێکدا، لە نایپیاداو پایتەختی میانمار دەڵێت وەها چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە پرسیار و وەڵام لەگەڵ هەردووکیاندا بکرێن.

لەوەتای کودەتاکە کراوە، هیچ یەکێک لەو دوو ڕێبەرەی میانمار نەبینراون، بەڵام لایەنەکەی سان سوچی دەڵێت ڕێبەرەکەیان لە بارێکی باشی تەندروستیدایە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، پارێزەرەکەی نەیتوانیوە چاوی پێی بکەوێت و دەڵێت ماوەی دەستبەسەرکردنی سان سوچی ڕۆژی چوارشەممە تەواو دەبێت.