سزادانی ده‌ستگیرکراوه‌کانی بادینان کاردانه‌وه‌ی پارێزه‌ران و چالاکوانانی هه‌ڵه‌بجه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه

‌ڕۆژی سێشەممە‌ دادگای تاوانه‌کانی 2ی هه‌وڵێر سزای 6 ساڵ زیندانی به‌سه‌ر پێنج له‌ ده‌ستگیرکراوه‌کانی ده‌ڤه‌ری بادینان سه‌پاند، ئه‌م سزایه‌ش کاردانه‌وه‌ی جیاجیای لێکه‌وته‌وه‌ ، به‌شێک له‌ چالاکوانان و پارێزه‌رانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌به‌رده‌م دادگایی به‌رایی هه‌ڵه‌بجه‌ کۆبوونه‌وه‌ و نیگه‌رانی خویان له‌به‌رامبه‌ر سزاکه‌ ده‌ربڕی و ڕایانگه‌یاند ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بێلایه‌نه‌نانه‌ سزاکه‌ی ده‌رنه‌کردووه‌ و پێویسته‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌که‌دا بکات.‌

محمد حه‌مه‌ ڕه‌زا به‌ ناوی چالاکوانان و خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌وە‌ له‌به‌رده‌م داگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌یننامه‌یه‌کی خوێنده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند "دوور له‌ کڕووزانه‌وه‌ به‌ دادگا ده‌ڵێین ،گه‌ر خستنه‌ ڕووی گه‌نده‌ڵی و ناڕه‌زایی تاوان و سیخوری بێت بفه‌رموون هه‌موومان دادگایی بکه‌ن، دڵنیاتان ده‌که‌ینه‌وه‌ ڕۆژێک دێت ئێوه‌ش له‌ دادگاوه‌، دادگایی ده‌کرێن ، داوا له‌ هه‌موو ڕیکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌کان ده‌که‌ین، ڕێگه‌ نه‌ده‌ن ئه‌م بڕیاره‌یان بۆ بچێته‌ سه‌ر ."

حه‌یده‌ر حه‌مه‌ساڵح پارێزه‌ری ڕاوێژکار و لێپسراوی لقی هه‌ڵه‌بجه‌ی سه‌ندیکای پارێزه‌رانی کوردستان له‌ لێدوانێکدا به‌ ده‌نگی ئه‌مەریکای ڕایگه‌یاند "چه‌ندین که‌یس له‌ هه‌رێمی کوردستان ڕوویانداوه‌ ، ده‌ستی حیزب و که‌سی له‌ که‌یسه‌کان تێکه‌ڵکراوه‌ ، ئێمه‌ ئه‌م که‌یسه‌ش وه‌ک هه‌موو ئه‌و که‌یسانه‌ ده‌زانین، داوا له‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ ده‌که‌ین، که‌ بڕیارێکی دادپه‌روه‌رانه‌ بدات له‌ که‌یسه‌که‌ و ڕێگه‌ نه‌دات هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی تر به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریدا بڕیار بدات."

له‌ کاردانه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌کاندا ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا رایگه‌یاندووه‌ "له‌ دوێنێوه‌ هه‌ندێک دامو ده‌زگایی فه‌رمی و یاسایی و لایه‌نی سیاسی لێدوانی جیاجیان له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی دادگایی کردنه‌که‌ و بڕیاره‌که‌داوه‌، که‌ ئه‌وه‌ش بێگومان ده‌چێته‌ چوارێوه‌ی ده‌ستێوه‌ردان له‌ کارووباری ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ری ، نه‌ده‌بوو ئه‌و لایه‌نانه‌ پێشێلی بنه‌مای جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان بکه‌ن."

ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌ هه‌رێمی کوردستان ڕاشیگه‌یاندووه‌ پڕۆسه‌ی دادگایی کردنه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ئاشکرا به‌ به‌شداری پارێزه‌ران و نوێنه‌ری ووڵاتان و میدیاکان به‌ڕێوه‌ چووه‌ ، ڕێکاری یاسایی هه‌یه‌ بۆ تانه‌دان له‌ بڕیاره‌که‌ و دادگایی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ بریاری یه‌کلا که‌ره‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر که‌یسه‌که‌ ده‌دات.

Your browser doesn’t support HTML5

فەرحان هەورامانی