ژیان لە فەرهەنگدا: باران

چیرۆک لە قۆناغی هەرە بەراییدا، وەک زۆرێک لە لێکۆڵەرە ئەدەبییەکان لەسەری کۆکن، بە ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی دەستپێدەکات و وێڕای هەموو کەموکوڕییەکانی، دوای نزیکەی 110 ساڵی تەمەنی، ئەوجا دەستیکردووە بە هەنگاونان بۆ چوونە نێو قۆناغە جیاوازەکانی.

دەشێت لە ئێستادا هەنگاوەکانی پەرەسەندنی چیرۆک و برەودان بە ڕەخنە لەم بوارەدا، گەرموگوڕییەکی زۆری بە ڕۆحی چیرۆکەکان بەخشیبێت و دەکرێت خوێنەریش لە جاران زیاتر گەشبین بێت بە ئایندەی چیرۆکی کوردیمان. لە بیریشمان نەچێت هاتنە کایەی نەوەی نوێی چیرۆکنووسان، بەشداریی ڕاستەقینەیان هەیە لە زیاتر بەرزکردنەوەی ئەو ئاستی گەشبینییەدا.

(باران)ی چیرۆکنووس دەخوازێت لە چیرۆکەکانیدا کار لەسەر ئەو ڕەهەند و دیاردانە بکات کە ناکرێت لەیادبکرێن و ئامانجیشی هەر تەنها ئەوە نییە ئەو ساتەوەختانە لەبیرنەچنەوە، بەڵکو بە پێویستی دەزانێت بخرێنە بەردەم پرۆسەی بیرلێکردنەوە … لای باران، سادەیی و ئاڵۆزی ڕووداوەکان هێندە گرنگن کە خوێنەر خۆی بخاتە بەردەم ڕامانێکی قوڵەوە، ڕامانێک بتوانێت بیرکردنەوە لە پرسیارە ڕژدەکان بکاتە هەوێنی تێگەیشتن و لە خود نزیکبوونەوە...

باران


لەم وتووێژەدا باران نایەوێت شتێکمان بۆ بگێڕێتەوە، بەڵکو پوختەی ڕوانینەکانی خۆیمان لەسەر چیرۆک پێدەڵێت و ئاماژە بە گرنگی و هەستیاری پرسە زاتی و کۆمەڵایەتییەکان دەدات...

*زۆرێک لە نوسەری کورد سەرەتای ژیانی نوسینیان بە شیعر دەستپێدەکەن، نازانم تۆش هەر بە شیعر دەستت پێکرد یان نا؟ بۆیە دەپرسم، چونکە تا ئێستا من شیعری تۆم نەبینیوە؟

باران:

نا، من شیعرم نەنووسیووە. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە من وەکوو کەسایەتی خۆم زیاتر کردەییم و کەمتر خەیاڵیم. من بە چیرۆک و دەقی کراوە دەستم پێکرد و پاشان زۆر فۆڕمی دیکەی نووسینم ئەزموون کرد. ئەوەی زیاتر چێژم لە کارکردن تیایدا بینیوە لێکۆڵینەوە بووە بە گشتی و شیکاری شانۆگەری بەتایبەت …

*شیکاری شانۆگەری، وەک ڕەخنەگر، یان وەک چی؟

باران:

بەڵێ وەک ڕەخنە و ئەنەڵایس. دیارە خۆم لە زانکۆ زانستی شانۆگەری و ڕەخنەی ئەدەبیم خوێندووە و لەم بارەیەوە بە ئەکادیمی کارم کردووە. بێ لەوەش من هەمیشە خۆشەویستی و ئینتیمای تایبەتم بۆ شانۆ هەبووە …

*هەر لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا ئاماژەشت بەوەکرد "بە چیرۆک و دەقی کراوە" دەستت بە نوسین کردووە، دەقی کراوە لای تۆ چ مانا و چ ڕەهەندێکی هەیە لە چیرۆکی کوردیدا؟

باران:

دەقی کراوە لەناو چیرۆکدا نییە، ئەگەرچی هەموو دەقێک دەکرێت هەڵگری چیرۆکێک بێت. دەقی کراوە دەقێکە کە پابەند نییە بە هیچ بنەما و فۆڕمێکەوە. بۆ نموونە وەک ئەوەی کە دەخوازرێت هەموو چیرۆکێک پابەند بێت بە کۆمەڵێک بنەما و ناسینەوەوە بەوەی کە وەک گێڕانەوە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی هەبێت و لە ڕێی تەکنیک و کارەکتەرەوە لە گرێیەک بکۆڵێتەوە … دەقی کراوە ڕەهایە لە هەموو پابەندبوونێک و زیاتر هەستەکییە، وەلێ لە هیچ کام لە ژانرە ئەدەبییە دیاریکراوەکاندا جێی نابێتەوە!

*ئایا نوسینی چیرۆک هەر تەنها گێڕانەوەیە بە زمانێکی باڵا، زمانی باڵا لای "باران" چی دەگەیەنێت، زمانێکی شیعرییە، یان زمانێکی پەخشان ئامێزە؟ ئەو زمانە باڵایە چییە لە چیرۆکدا؟

باران:

چیرۆک گێڕانەوەی هونەرییە بە هەماهەنگی هەریەک لە توخمەکانییەوە لە زمان و تەکنیک و ناوەڕۆک … زمانی باڵا لە چیرۆکدا بۆ من قووڵییە لە ڕەهەندی جیاجیاوە، وەک لێهاتوویی لە گەیاندن و گوزارشت و مانابەخشی و هۆنینەوە و وشەسازیدا، بێگومان زرنگی لە ڕووی ڕێنووس و ڕێزمانیشەوە لە خەسڵەتە بنچینەییەکانی زمانی باڵایە … بڕیار نییە زمانی چیرۆک زمانێکی شیعری بێت بەڵام هەندێک جار شیعرییەت وەکوو ڕۆح لە چیرۆکیشدا خۆی دەسەپێنێت، ئەو ڕۆحییەتە بە دیدی من موڵکی تاکە ژانرێک نییە بەڵکە زیاتر ئەدگارێکی ئەدەبییە …


*بێگومان سەرەتای نوسینی چیرۆکەکان لە بیرکردنەوە لە بیرۆکەیەک دەستپێدەکەن، دەمەوێت بزانم چ بیرۆکەیەک بوو تۆی برد بەرەو نوسینی یەکەم چیرۆکت؟ ئەگەر ئێستا هەمان بیرۆکەت هەبێت، دەیکەیتە چیرۆکێکی تر بۆ ئێمەی خوێنەر؟

باران:

"چاوە گریاوەکان پێکەنین" ناونیشانی یەکەم چیرۆکم بوو. بیرۆکەکەی وروژاندنی ڕەخنەی کولتووری و کۆمەڵایەتی بوو لە ڕێی بەسەرهاتێکی ئەڤیندارییەوە. بێگومان ئێستاش دەکرێت هەمان بیرۆکە پاڵنەری کارێکی نوێی ئەدەبیم یاخود هەر چالاکییەکی ترم بێت. بەداخەوە گرفتە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان لە دەورمان هێندە زۆرن، هەمیشە تێمایەکی ئاکتوێلن بۆ هەر کارێک کە ئەنجامی بدەین، بە پێچەوانەشەوە هەنووکەییبوونیان ئەرکی کاربۆکردنیانمان پێ دەسپێرن …

*بە ڕای تۆ ئایا زمانی باڵا، دەسەڵات بە دەق (چیرۆک) دەبەخشێت و بیکاتە دەقێکی زیندوو وە بیبات بەرەو کۆمەڵێک چەمکی نوێ بۆ هەڵسەنگاندنی تایبەتمەندێتییەکانی خودی نوسەر؟

باران:

بێگومان، زمان ڕۆحە لە هەناو و بوونی دەقدا. بێ ئاستی شیاوی زمان، دەق بێگیان و بێ ئەفسوونە. توانا و لێزانیش لەم ڕووەوە بێگومان تایبەتمەندێتی دەداتە نووسەر...

*گێڕانەوە لە چیرۆکی کوردیدا، یان تەنانەت لە ڕۆمانیشدا چەندێک توانیویەتی ئاڵوگۆڕێک لە تێگەیشتنە سەپێندراو و باو و جێگیر کراوەکاندا دروست بکات؟

باران:

خۆی ئیشی چیرۆک و ڕۆمان زیاتر ئاماژەدانە بەو واقیعەی کە هەیە، نەک گۆڕینی. هاوکات هونەرەکەی دەشێت کاریگەری جێبهێڵێت و کەم تا زۆر هەندێک تێڕوانین بگۆڕێت یان ڕوونتریان بکاتەوە. ئەمەش لە هونەری گێڕانەوەی کوردی و هەر زمانێکی تردا ڕێژەییە، بەو مانایەی دەکرێت لەگەڵ هەندێک خوێنەر بە هەندێک دەق ئەوە ڕووبدات و لەگەڵ هەندێک نا …

*ئایا کۆمەڵگەی کوردی خاوەنی ئەو جۆرە چیرۆکەیە، تاک ڕابچڵەکێنێت، خوێنەر بخاتە بەردەم بیرکردنەوەی قوڵەوە، کۆمەڵگە بهەژێنێت؟ ئەگەر نیمانە، بۆچی؟

باران:

ئەگەر نیمانە لەبەر ئەوەیە نە نووسەرەکانمان بە ئەندازەی پێویست بۆ چیرۆک و ئەدەب تەرخانن، نە خوێنەرەکانمان ئەوەندە جددین نووسین بەو قابیلییەتەوە ببینن کە زۆری پێ بکرێت. لە ڕاستیدا بێشکۆیی نووسین و ئەدەب لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هۆکاری ئەو کەلێنەیە …

*"نە نوسەرەکان هێندەی پێویست و نە خوێنەرەکانیش جددین" جا کە نوسەرەکان وەک پێویست نەبن، کەواتە بۆچی چاوەڕوان بکەین خوێنەری ڕژدمان (جددی) هەبێت؟

باران:

نا من وام نەگووت! گووتم نووسەرەکان بە ئەندازەی پێویست (تەرخان) نین. ئەمە جیاوازە، تەرخان نەبوون لێرەدا ئەوەندەی دۆخێکی ناچار و سەپێنراوە ئەوەندە کەموکوڕی خودی کەسی نووسەر نییە. بۆئەوەی نووسەر بتوانێت تەرخان بێت، پێویستە نووسین لە کۆمەڵگەکەیدا بەهای هەبێت. هەر بۆ نموونە، نووسەری کورد ئەگەر خۆی بۆ نووسین تەرخان بکات و سەرقاڵی هیچ کارێکی تر نەبێت، باری ئابووری تەواو نالەبار دەبێت. کاتێکیش بۆ گوزەرانی ژیانی ناچار بە کارکردنی دی دەبێت، ئیدی کاتی تەواوی بۆ نووسین نامێنێت و بەم جۆرەش ناتوانێت وەک پێویست بۆ نووسین تەرخان بێت … ئینجا من جددی نەبوونی خوێنەریش ئەوەندەی بە کێشەی کولتووریی دەبینم، ئەوەندە بە گوناهی تاکی نازانم، ئەگەرچی باوەڕم بە توانای تاک زۆرە لەو ڕووەوە کە کاتێک دڵگەرمانه هەوڵ بدات، کەم و زۆر جێدەستی دیار دەبێت. سەبارەت بەمەش بە ڕێژەی کەم خوێنەری جددیشمان هەیە کە دڵ خۆش دەکەن و نووسەریشمان هەیه کەم تا زۆر هەوڵی خۆتەرخانکردنی داوە و بەرهەمگەلی سەرکەوتووی هەبووە …

*ئەی بەڕای تۆ چیرۆکی کوردی، بە کۆن و نوێوە توانیویەتی وەها بکات مرۆڤ لە خۆی تێبگات؟

باران:

لە خۆتێگەیشتن یاخود خودناسی کارێکی تەواو زاتییە. ئەمە بە درێژایی تەمەن چیرۆکی هەر کەسێکە لەگەڵ خودی خۆیدا. پڕۆسەکە بە هەبوونی پرسیار و بیرکردنەوە دەکرێت. بیرکردنەوە لە هەموو ئەو پرسیارانەی ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە خودەوە و ناکرێت دەوروبەر ڕۆڵیان تێدا هەبێت. تێگەیشتنی خود نە دەبەخشرێت نە وەردەگیرێت، لێ پێویستە مرۆڤ لە ژیانیدا هەرچی دەکات و نایکات بۆ ئەوە بێت کە خۆی بناسێت و لە خۆی تێبگات …

*وەک دەڵێیت "پێویستە مرۆڤ هەرچی دەکات و نایکات بۆ ئەوەبێت خۆی بناسێت و لە خۆی تێبگات،” ئاخۆ باران چەندێک خۆی دەناسێت و چەندێکیش لە خۆی تێگەیشتووە؟

باران:

وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، پرۆسەی لەخۆ تێگەیشتن و خۆناسین پرۆسەی درێژایی تەمەنە. مرۆڤ دەکرێت هەموو ڕۆژێک شتێکی تازەی لە خۆیدا بۆ دەربکەوێت و ڕۆژانە زیاتر لە خۆی تێبگات. دەکرێت شتانێک بکات کە هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووە بیکات، یان بە پێچەوانەوە دەکەوێتە مەوقیفەوە و شتانێک ناکات کە تا ئاستی دڵنیایی پێیوابووە دەیکات! لێرەدا گرنگ ئەوەیە لەگەڵ خودی خۆمان ڕاستگۆ بین و لە پرسیار و بیرکردنەوە نەوەستین تا دروست لە کردار و کاردانەوە و ماهیەتی خۆمان تێبگەین و بگەینە ئاستێکی خۆناسین کە بە خۆمان و لەگەڵ خۆمان ئاسوودە بین … من ڕەنگە لە نیوەی ڕێگاکە بم، نازانم، بەڵام خودناسی ئامانجمە …

*فەنتازیا بەشێکی گرنگە لە دەقی ئەدەبیدا، ئایا وەک کورد توانراوە فەنتازیا لە گێڕانەوەی کارەساتەکانی بەسەر کورددا هاتوون بەکاربهێنرێت، بە شێوەیەک کە بگوترێت فەنتازیا توانیویەتی کارەساتەکەمان وەها دەخاتە بەردەست کە لە کارەساتەکە یان لە تراژیدیایەکە گەورەتر بێت؟

باران:

ئەو کارەسات و تراژیدیایانەی بەسەر کورددا هاتوون، بەداخەوە خۆیان سنووری خەیاڵیان تێپەڕاندووە و پێویستیان بە گەورەترکردنیان نییە، بەڵام ئەگەر بڵێین لە ئەدەبی گێڕانەوەدا هەقی خۆیان پێدراوە یان نا، دەکرێت بڵێین کۆمەڵێک کاری زۆر جوان هەن کە بە فەنتازیای تایبەتەوە گێڕانەوەیان بۆ کراوە، لێ ئەگەر وەک پێویست لە ئاست چاوەڕوانی و ئازاری کارەساتەکاندا نەبن، هۆکارەکەی دەگەڕێنمەوە بۆ هەمان ئەو خاڵەی پێشتر ئاماژەم پێدا، بێشکۆیی نووسین لە ناو کورددا، کە کەمی داهێنان و نەبوونی بەرهەمی کامڵیش دەرئەنجامی دەبێت …

*وەک زۆرێک لە لێکۆڵەرانی ئەدەبی ئاماژەی پێدەکەن، نوسینی چیرۆک لە کۆمەڵگەی کوردیدا، تەمەنی خەریکە لە 100 ساڵ نزیک دەبێتەوە، بەڵام دەمەوێت بزانم ئایا دەکرێت چیرۆکی کوردی بە خاوەنی بناغەیەکی تۆکمە بزانین کە بتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی گەشەی خۆی بکات، نەک ئەوەی بە پەلەپڕوزکێ و هەناسە بڕکێوە خۆی هەڵبداتە ناو ڕەهەندە نوێیەکانی چیرۆک نوسینەوە؟

باران:

من حەزم بەوە نییە کەموکوڕییەکانی ئەمڕۆ بگەڕێنمەوە بۆ چۆنێتی کارەکانی ڕابردوو. بەتایبەت بۆ چیرۆک کە ژانرێکە زۆر پێویستی بەوە نییە نموونەی تۆکمەی پێشوەختی لەبەردەمدا بێت. چیرۆک لە هەر کات و شوێنێکدا، هەستپێکردنی ڕاستەقینە و مەعریفەی گشتی و سەلیقەی تایبەتی دەوێت، تا لە ڕووی گەیاندن و سەردەم و هونەرییەوە شایستە بێت...

*دەمەوێت بزانم بە ڕای تۆ، چیرۆکی کوردی ڕەنگدانەوەی مەعریفەی سەروەختی خۆیەتی؟ بۆ نمونە ئایا دەتوانین بڵێین ئەم چیرۆکنوسەمان ڕەنگدانەوەی مەعریفەی ساڵانی حەفتاکانە، یان ئەوی تریان هی ساڵانی هەشتاکانە، یان باران ڕنگدانەوەی مەعریفەی ئێستایە؟

باران:

مەعریفە لەسەر ئاستی گشتی و لە بواری تایبەتیشدا، زانین و ئاگایی فرەڕەهەندی نووسەرە لە هەر سەروەختێکدا، کە دەکرێت وەک ئاستی ڕۆشنبیری و هەبوونی زانیاری سەربارەت بە سەردەمی خۆی یان سەردەمەکانی دیش هەیبێت، ئەمە لە کات و شوێنێکیشدا لە کەسێکەوە بۆ کەسێک دەگۆڕێت. وەکتر کەم تا زۆر جیاوازی لە نێوان شێوازی کاری نەوەکاندا هەیە، بەڵام بێگومان چیرۆکی هەر چیرۆکنووسێک ڕەنگدانەوەی سەردەمەکەیەتی …

*زۆر جار جەخت دەکرێتەوە و دەگوترێت ڕستە سەرەتاییەکان لە ڕۆماندا دەکرێت وەک داڕیژەری تەواوی ڕۆمانەکە لێی بڕوانرێت، بەڕاستی بۆیە ئەم پرسیارە دەکەم، چونکە هەندێک چیرۆکی کوردی دەخوێنمەوە، دەبینم لە نیوەی چیرۆکەکەدا دابڕانێک دروست دەبێت لەگەڵ سەرەتاکەیدا و تەنانەت هەندێک جاریش کۆتایی چیرۆکەکە تەواو پێچەوانەی ئەو ئاماژانەن کە لە تەوای چیرۆکەکەدا دەدرێن بە خوێنەر، ڕای تۆ چۆنە لەسەر ئەمە؟

باران:

دروست هەندێکجار چۆنێتی دەستپێکی دەق و ڕستەکانی سەرەتا، بەتایبەت کە سەرنجکێشبن، یاریدەی داڕێژانی سەرکەوتووی تەواوی بەرهەمەکە دەدەن، بەڵام ئەمە نە مەرجە و نە گەرەنتییە، بەردەوامبوون بە هەمان ئاست و هەناسە یاخود پەرت نەبوون و لاڕێ نەگرتن توانستی چنین و زاڵبوونی دەوێت بەسەر تەواوی ڕووداو و ڕەهەندە جیاوازەکانی چیرۆکەکەدا

*"لاڕێ نەگرتن، توانستی چنین و زاڵبوونی دەوێت بەسەر تەواوی ڕووداو و ڕەهەندە جیاوازەکانی چیرۆکدا" ئەمە بۆ کورتە چیرۆک و چیرۆکی درێژ، یان ئەوەی بە کورتیلە چیرۆک ناودێر دەکرێت، دروستە؟ وەڵامەکە بە ئا یان بە نا بێت، تکایە پێمان بڵێ چۆن؟

باران:

مەبەستی من لەوەی گووتم، سەبارەت بە دەقی درێژە، چ وەک چیرۆک یاخود ڕۆمان، دەنا باوەڕناکەم لاڕێگرتن و پچڕان لە دەقی کوورت و کورتیلە چیرۆکدا باو بێت. ئەگەرچی سەرکەوتوویی کورتیلەچیرۆک جۆرێکی تر لە توانا و لێزانینی دەوێت، وەک ئەوەی کە پەیامەکەت بە پوختی لە چەند پەڕەگرافێکی کوورتدا بە گێڕانەوەیەکی هونەری تایبەت بگەیەنیت و سەرنجکێشی بکەیت …

*زۆر جار بەرگوێمان دەکەوێت کە ناکرێت تێکستە ئەدەبییەکان لە کۆمەڵگە داببڕێت، ئایا مەرجە کە چیرۆک وابەستەی کۆمەڵگە ببێت، ئەگەر وەڵامەکەت بە بەڵێیە، پێتوانییە ئازادییەکانی چیرۆک لە دەست دەدەین؟

باران:

من وا نایبینم کە نەکرێت بەمانای نەتوانین، چوونکە ڕەهەندێکی بەهێزی ئەدەب فەنتازیایە و فەنتازیاش دەتوانێت لە تەواوی بوون و نەبوون داببڕێت یاخود ڕەتیان بکات. هاوکات کۆمەڵگە دەتوانێت سەرچاوەی فاکتە و سروشی خەیاڵیش بێت، بۆیە ئەویش بە وابەستەکار و لێزەوتکەری ئازادی نازانم لە دونیای ئەدەبدا. ژانری چیرۆکیش هەمەجۆرە و چیرۆکی کۆمەڵایەتی یەکێکه جۆرەکانی …

*کە کۆمەڵگە سەرچاوەی فاکت و سروشی خەیاڵیش بێت، ئەی چیرۆک بە سەرچاوەی چی دادەنرێت؟

باران:

سەرچاوە ئەگەر بە ڕەگی درەختێک بچوێنین، چیرۆک قەد و لق و پۆکانییەتی، ئەوەی لەوانیش شین ببێت، بەری درەختەکەیە. بەری چیرۆکیش وەک سەرچاوە ئەو کاریگەریەیە کە جێیدەهێڵێت، ئەوەش بەپێی بەرکەوتە و تێگەیشتن و هەستپێکردنی، لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێک دەگۆڕێت.

*لە ئەدەبی جیهاندا و لە ئەدەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، تێکستی ئەدەبیمان زۆرن و ئاژەڵ بابەتە تیایاندا. بەڵام لە ئەدەبی کوردیدا ئەم جۆرە تێکستانەمان ئەگەر هەبن (ئەوا زۆر دەگمەنە و من بۆخۆم نەمبینیوە) پرسیارەکەشم ئەوەیە ، ئایا دەکرێت بایەخ نەدان بە ئاژەڵ و باڵندەکان و زیندەوەرەکانی دەوروبەرمان بە جۆرێک لە فەرامۆشکردنی کۆمەڵگە دابنرێت و ئەم فەرامۆشکردنە لەسەر نوسەرانمان ڕەنگی دابێتەوە، یان بە پێچەوانەوە، چونکە نوسەران بایەخیان بەم جۆرە نوسینانە نەداوە هەر بۆیەشە کۆمەڵگە گرنگیی پێنادات؟

باران:

هۆکاری نائامادەگی دونیای ئاژەڵان لە دونیای ئەدەب و نووسینی کوردیدا، نائامادەیی ڕێزدارانەی ئاژەڵە لە ژیانی تایبەتی تاکی کورددا، نەبوونی پەیوەندی دروست لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا لە کۆمەڵگەی کوردیدا، دەرئەنجامەکەی هەست پێنەکردن و فەرامۆشکردنی گیانلەبەران بووە. بە پێچەوانەوە لە جیهاندا، لەو وڵاتانەی کە ئاژەڵ لە تەنیشت مرۆڤەوە وجودی خۆی هەیە، ژیانی تایبەت و ڕووداوی ڕۆژانەی تاک و کۆی مرۆڤ پڕێتی لە ڕۆڵی گرنگی ئاژەڵ، کە بێگومان لە سروشتی وەها دۆخێکدا نووسین و ئەدەبیشیان تژی دەبێت لە کاریگەری گیانداران و هەبوونیان … زۆرجار لای خۆمان فەرامۆشکردنی ئازار و ناهەمواری ئاژەڵان دەگەڕێننەوە بۆ زۆریی کێشە مرۆییەکان لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، گوایە لە زۆریی غەمەکانی خۆیاندا توانای هەڵگرتنی غەمی ئاژەڵانیشیان نییە، لە کاتێکدا زۆرترین ئەو ئاژەڵدۆستانەی کە بە تەنگ ئاژەڵانەوەن، ئەو کەس و خێزانانەن کە خۆیان گوزەرانیان باش نییە و زۆرترین گرفتیان هەیە‫! واتە توانستی هاریکاریکردنی گیانلەبەران پێویستی بە ژیانی بێ گرفت و کوالیتی بەرز نییە، ئاژەڵدۆستی تەنها پێویستی بە بەخشندەیی و میهرەبانییە. وەکتر زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی کەیسی مرۆڤیان پێ لەپێشترە، لەو مرۆڤانە نین کە کار بۆ باشترکردنی دۆخی مرۆڤ بکەن یاخود بە پەرۆشەوە یارمەتی ئەو مرۆڤانە بدەن کە لە تەنگانەدان. لە ڕاستیدا نالەباری دۆخی مرۆڤ و گیانلەبەرانیش تا ڕادەیەکی زۆر زۆر لە ئەستۆی خودی مرۆڤدایە، دەنا گرفتەکە هەر یەکە و پێویستە هەر ڕۆحێک پێویستی بە هاریکاری بوو هاریکاری بکرێت، بەبێ ئەوەی مرۆڤبوونی یاخود ئاژەڵبوونی بتوەستێنێت. وەکتر فەرامۆشکردنی ئاژەڵان لەسەر ئاستی گشتی کەموکوڕی کولتوورییە، کورد لە منداڵییەوەڕا ڕانەهێنراوە بە هاوڕێیەتی و دۆستایەتیکردنی ئاژەڵان. جگە لەو ئاژەڵانەی کە بە مەرامی خواردن و کارپێکردن و پارە پێ پەیداکردن تا کاتی پێویستییان پێیان بەخێویانکردوون، ئیدی هیچ ئاژەڵێکیان بە شایەنی بایەخپێدان نەزانیووە و هەستیان بە تەنگانە و ژانی ئەو ڕۆحلەبەرانە نەکردووە. نا هەر بەمەشەوە نەوەستاون، بگرە بەردەوام لە هەوڵی لەناوبردنیاندا بوون و بێ بەزەییانە ئازاریانداون … من ئەمە زۆر ترسناک دەبینم، بەڕاستی بە گرنگ نەبینینی دۆزی ئاژەڵ، کەلێنێکی زۆر گەورەیە لە ماهییەتی مرۆڤایەتیدا، ئەمە نەک هەر دۆزەخی ئاژەڵانی بەرپا کردووە، بەڵکە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەروونی مرۆڤەکانیشی وێران کردووە، لێرەوە زۆرترین جەللاد پەروەردە بووە و ڕێ بۆ زۆرترین تاوان خۆشکراوە …

*هێندەی ئاگادار بم، ماوەیەکە باران، کەوتۆتە یارمەتیدان و هاوکاریکردنی ئاژەڵە بێلانەکان، ئەمە کارێکی گرنگە، دەشخوازم بزانم ئایا دەتوانین چاوەڕوانی چەند چیرۆکێکی نوێی باران بین؟ نوسینی چیرۆکی ئازارەکانی ئەو ئاژەڵانە، یان بەکارهێنانی ئەو ئاژەڵانە وەک بابەت؟

باران:

بەڵێ ماوەیەکە زۆر نزیک ئاگاداری بارودۆخی ئاژەڵە بێلانەکانم، کەیسەکانیان هەموو بیری داگیرکردووم. کارەسات ئەوەیە زۆربەی زۆری نەهامەتییەکانیان مرۆڤ هۆکارییەتی، کەمترین مرۆڤیش هەست بە بەرپرسیارییەتی دەکات بەرامبەریان! جێی داخە هەنووکە هاوڕێکانم لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دوو گرووپی لێک جیاوازن و بە جۆرێک لە دوو دونیادان کە هیچ لایەکیان هەمان گرفت و دیاردە جێی بایەخ و هەڵوەستەیان نییە، هاوڕێیانی بیریار و ئەدەبدۆست و هاوڕێیانی ئاژەڵدۆستم! من وەک دۆستی هەردوولا کەشەکە بۆم نامۆیە و غەمی لێ دەخۆم، بەڵام خۆم لە ئێستادا ناتوانم لە زایەڵەی ناڵەی ئەو ڕۆحلەبەرە پڕ هەست و بێگەردانەدا سەرقاڵی شتێکی تر بم ئەوە نەبێت کە هەوڵ بدەم بە هەر جۆرێک بێت، لە ئازاری یەکێک زیاتریان کەم بکەمەوە … هەر ڕۆژێک بگەڕێمەوە لای ئەدەب، بێگومان کارەکانم خاڵی نابن لە کاریگەریی بوون و ئازاری ئاژەڵان … دیارە بەدەر لە بەهاناوەچوونی فیزیکی و مێنتاڵی ئاژەڵان بە بەرگری لێکردنیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان، لە گرنگترین کارەکان ئەوەیە لە ڕێی مەنهەجی قوتابخانە و ڕاگەیاندنەکانەوە، بە پەروەردە و بەرنامەی تایبەتی ئاژەڵدۆستی و گفتوگۆکردنی گرفتەکانیان لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەروەها بە هونەر و نووسین و ئامادەکردنی کتێب و فیلمی دۆکۆمێنتاری و درامای جۆراوجۆر، زۆرترین چین و توێژەکان هۆشیار و ئاگادار بکرێنەوە و هانبدرێن خۆشەویستی و ڕێزی ئاژەڵان لەناو دڵی منداڵاندا بچێنن. کارکردن لەم ڕووەوە بۆ بەخۆداچوونەوەی تاک و کۆمەڵ و بایەخدان بە کولتووری ژینگەپارێزی و بەتەبایی پێکەوەژیانی زیندەوەران، لە ئاژەڵ زیاتر گەیاندنی سوودە بە مرۆڤەکان.

باران خانم، سوپاست دەکەم بۆ تێبینی و سەرنجەکانت.