حوسییەکانی یەمەن ئاگاهیدەدەن بە عەرەبستانی سعودیە

یاخیبوانی حوسییەکان لە یەمەن بەرپرسیارێتی خۆیان ڕادەگەیەنن لەو هێرشانەی بە موشەکی باڵستیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە سەر شاری ڕیاز پایتەختی عەرەبستانی سعودیە.

وتەبێژی لەشکریی حوسییەکان لەو ڕاگەیاندراوەیدا جەخت دەکاتەوە لەوەی هێرشی زیاتر و بەرفراوانتریش دەکرێتە سەر عەرەبستانی سعودیە.

هاوپەیمانێتی لەشکریی کە عەرەبستانی سعودیە سەرکردایەتی دەکات، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند دژە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتی ڕێگەیان لە موشەکێک گرتووە لە ئاسمانی ڕیازدا و هەروەهاش ڕێگەیان لە 6 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش گرتووە.

هێزی بەرگری سیڤیلی لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە دەڵێت پارچەکانی موشەکەکە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کەوتوونەتە ژمارەیەک گەڕەکی ڕیازەوە و دەشڵێت "زیان لە خانویەک کەوتووە و بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی یاخیبوانی حوسییەکاندا کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانییان دەکات، یەحیا سەریع، وتەبێژی لەشکریی دەڵێت "هێزی ئاسمانی حوسییەکان و یەکەکانی هێزی موشەکیی هێرشێکی گەورەیان کردووە لە قوڵایی عەرەبستانی سعودیەدا."

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە " موشکێکی باڵستیکی و 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 9 فڕۆکەیان شوێنی هەستیاریان لە پایتەختی عەرەبستانی سعودیەی دوژمندا کردونەتە ئامانج و 6 فڕۆکەکەی تریش پێگە لەشکرییەکانی باشوری ئەو وڵاتەیان کردۆتە ئامانج."

یەحیا سەریع دەڵێت "ئەو کردە لەشکریانە لە درەنگانێکی ڕۆژی شەممەوە دەستیان پێکردووە و تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بەردەوام بووە" و ئاگاهیش دەدات ئەو هێرشانە بەردەوام دەبن و زیاتر و زیاتریش بەرفراوان دەکرێن تا ئەو کاتەی عەرەبستانی سعودیە بەردەوام بێت لە دژایەتیکردن و گەمارۆکانی لەسەر یەمەن.

عەرەبستانی سعودیە، لە ساڵی 2015وە هاوپەیمانێتییەکی لەشکریی پێکهێناوە بۆ پشتیوانی کردنی ئەو حکومەتەی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی لە یەمەندا دانیپێدانراوە.

زۆر ناوچەی شانشینی عەرەبستانی سعودیە، بەردەوام کەوتوونەتە بەر هێرشی موشەکی باڵستیکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حوسییەکان.

لەوەتای ئەمەریکا حوسییەکانی لە لیستی تێرۆریستان لاداوە، هێرشەکانیان زیاتر کردووە بۆسەر عەرەبستانی سعودیە.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن، پێشتر ڕایگەیاند پشتیوانی ئەمەریکا بۆ هێرشەکانی بەسەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە لە یەمەندا ڕادەگرێت.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لەوەی شەڕی یەمەن بۆتە هۆکاری کارەساتێکی مرۆیی و دەبێت کۆتاییپێبهێنرێت.