پاپا فرەنسیس ڕابەری کاسۆلیکیەکانی جیهان گەیشتە شاری بەغدا و لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێکرا و لە کۆشکی سەرۆکایەتیش سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵح پێشوازی لێکرد. ئەم سەردانەی پاپا بۆ عێراق سێ ڕۆژ دەخایەنێت، بڕیارە لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا چەند پارێزگایەک و هەرێمی کوردستانیش بەسەربکاتەوە.
ئەرکی پاراستنی سەردانەکەی پاپا فرەنسیس، بە هێزەکانی ئاڵتونی عێراق سپێردراوە و لەو ناوچانەی کە پاپا
سەردانیان دەکات، ڕێوشوێنی ئەمنی توند گیراوەتە بەر، بە تایبەب بەشی زۆری سەردانەکەی، بۆ دیدەنیکردنی کریستیانەکانی عێراق و ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری پێکهاتە و کەمایەتیە ئاینی یەکان تەرخانکردووە.
ڕۆژی یەکەمی سەردانەکەی بۆ عێراق، پاپا فرەنسیس لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و نوێنەری ڕێکخراو و سیاسیەکان کۆدەبێتەوە، لە ڕۆژی دووەمدا، سەردانی شاری نەجەف دەکات، بۆ بینینی عەلی سستانی ڕابەری باڵای شیعەکانی عێراق، پاشان دەچێتە شاری ناسریە و لە شاری شوێنەواری ئور، چاوی بە نوێنەری پێکهاتە و کەمایەتیە ئانیەکان دەکەوێت.
رەجەب کاکەیی نوێنەری کاکەییەکان، کە بۆ بینینی پاپا فرەنسیس لە شاری ناسریەیە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"نوێنەری سەرجەم کەمایەتیە ئاینیەکان لەگەڵ پاپا دادەنیشین، دەمانەوێت سەردانەکە ببێتە دەرفەتێک بۆ کۆتایی هێنان بەخوێن ڕشتن لە عێراق دا، چونکە هەرچی ململانێ و کوشت و بڕ هەبووە، پەیوەندی بە ناکۆکی ئاینی و مەزهەبیەوە هەیە."
دوای بینینی پیاوانی ئاینی و نوێنەری کەمایەتیە ئاینیەکان، پاپا فرەنسیس دەگەڕێتەوە بۆ شاری بەغدا، لە سێ یەم ڕۆژی سەردانەکەیدا، سەردانی هەولێر و موسڵ دەکات، نوێژ بۆ قوربانیانی تیرۆر لەموسڵ دەکات، هەروەهابەبەشداری کریستیانەکان، ڕێوڕەسمی ئاینی لە یاریگای نێودەوڵەتی فرەنسۆ هەریری ئەنجام دەدات.
سەلام مەتلو یەکێک لە نوێنەرانی سابیئەکان لە عێراق، ڕوونیکردەوە کەمایەتیە ئاینیەکان زۆرترین زیانیان لە ئاڵۆزیەکانی عێراق بەرکەوتووە و مەترسی لەسەر ژیانیان هەبووە، بۆیە بەشێکی زۆریان، عێراقیان بە جێهێشتووە.
کریستیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە هێشتا بەشێکی زۆریان ئاوارەن، ماوەی چەند هەفتەیەکە خۆیان بۆ پێشوازیکردن لە پاپا فرەنسیس ئامادە دەکەن، دەیانەوێت ئەو دەردەسەری و نەهامەتیانەی لە عێراق بەسەریان هاتووە، بە وردی بیگەیەننە پاپا.
لە پاڵ ئامادەکاری کریستیانەکاندا، کەمایەتیە ئاینیەکانیش کە هەم بەشدارن لە وەفدی پێشوازی لە پاپا و هەمیش لەگەڵی کۆدەبنەوە، دەیانەوێت سەردانەکە بکەنە دەرفەتێک بۆ گەیاندنی خواستەکانیان بە هێزە عێراقیەکان، لەڕێگەی پاپا فرەنسیسەوە.
فایزە فواد نوێنەری زەردەشتیەکان بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ پاپا فرەنسیس، بەدەنگی ئەمەریکای وت"لە دەستوری عێراق دا، دان بە هەندێک لە کەمایەتیە ئاینیەکان نەنراوە و ناویان نەهێنراوە، دەمانەوێت پاپا ببێتە هۆکارێک بۆ دان پێدانانمان."
سەردانەکەی پاپا فرەنسیس، بەیەکەم سەردانی مێژویی دادەنرێت بۆ عێراق، لەوەتەی بوونی بە ڕابەری کڵێسای کاسۆلیکی لە ئاداری ساڵی 2013.
Your browser doesn’t support HTML5