خالید ئەلبێر: هەموو ئەبرەشیەك مەترانی خۆی هەیە بەدڵنیاییەوە ڕاپۆرت و كێشە و گرفتەكانی خۆیان داوە

خالید ئەلبێر بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كریستیانەكان لە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتووێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت "لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر مەراسیمێكی زۆر جوان كرا و ڕووداوێكی گەورە بوو و قەداسەتی پاپا فەرەنسیس كۆبوونەوەیەكی كورتی لە هوڵی ڤی ئای پی ئەنجامدا، زیاتر لە دە هەزار خەڵك ئامادەی ئەو نوێژە دەبێت كە لە یاریگای فەرەنسو هەریری دەكرێت و زۆربەیان كریستیانن".

بەڕێز ئەلبێرت دەڵێت "سەردانی قەداسەتی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان بەدڵنیاییەوە پەیامێكی گەورەی تێدا دەبێت، پاش نوێژی گەورەی یاریگای فەرەنسو هەریری بێگومان پەیامێكی گەورەی دەبێت و بەدڵنیاییەوە لە كۆبوونەوەكانیشدا باسی ڕەوشی ناوچەكە و كریستیانەكان و ڕەوشی كوردستان كرا و هەروەها باسی ڕەوشی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراقیش و باسی ئازادكردنی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا لە سەر دەستی پێشمەرگە ئازاكان كرابوو ئەمانە هەمووی باسكرابوو لە كۆبوونەوەكاندا".

ئەلبێر هەروەها گوتیشی" لەگەڵ سەماحەتی عەلی سیستانی كە كۆبووەوەبەدڵنیاییەوە هەندێك پەیامی سیاسیش بۆ سیاسیەكان هەیە ئێمەش چونكە هەڵبژاردنمان بەڕێگاوەیە لە مانگی دەدا".

لە میانەی وتووێژەكەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا خالید جەمال ئەلبێر بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كریستیانەكان لە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند

"ئەمڕۆ خەڵك باسی دەكرد كە ئەم ئامادەكاریە زۆر جوان بوو و شایەنی ئەوەبوو كە باس بكرێت و پاپاش زۆر پێی خۆشبوو بەتایبەتی ئەو ئامادەكاریەی كاتێك لە فرۆكە هاتە خوارەوە ئەو خەڵك و منداڵانەی بینی كە گۆرانییان بە چەندین زمانی خۆمان گوت جێی سەرنج بوو و زۆری پێ خۆشبوو. هەموو ئەبرەشیەك مەترانی خۆی هەیە بەدڵنیاییەوە ڕاپۆرت و كێشە و گرفتەكانی خۆیان داوە و لە دیدارە تایبەتەكان بەدڵنیاییەوە ئەم ڕاپۆرت و كێشانە بە قەداسەت دراوە."

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ خالید ئەلبێر