خۆپیشاندەران ڕێگە سەرەکییەکانی سەرانسەری لوبنانیان گرتووە وەک دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ئەو ئیفلیجییە سیاسییەی هاتۆتە ئاراوە پاش تۆمارکردنی نزمترین نرخی دراوی وڵاتەکە لە بازاڕی ڕەشدا.
لەوەتای زوویەکی ئەمڕۆ دووشەممەوە، خۆپیشاندەران دەستیان کردووە بە سوتاندنی تایە و شتی تریش و دوکەڵی ڕەش لە دەروازەکانی چوونە ناو شاری بەیروتەوە دەبینرێن.
لە دەیان ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا، خراپترین قەیرانی ئابوری بەرۆکی وڵاتی لوبنانی گرتووە و ئێستاش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنای هاتۆتە سەر.
نرخی لیرەی لوبنانی بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا هەشتا دابەزیوە و ئەمەش بۆتە مایەی گرانبوونی پێداویستییەکان و هەروەهاش زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین.
پاسکال نوهرە، یەکێکە لەو خۆپیشاندەرانەی بەشدارە لە ڕێگەگرتنەکەدا لە باکوری بەیروتەوە دەڵێت "هەموو ڕێگەکانمان گرتووە و داخستووە تا بە هەمووان بڵێین ئیتر تەواو هیچ شتێکمان نەماوە لە دەستی بدەین، تەنانەت شکۆی خۆیشمان لەدەستداوە."
ئەم خانمە خۆپیشاندەرە لوبنانییە دەشڵێت "ئێستا کاتی ئەوەیە شەپۆلی ناڕەزاییەکانی ساڵی 2019 کە ڕەهەندی تایفەیی تێپەڕاندبوو ببوژێنرێتەوە دژی سیاسییەکان."
خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ دووشەممەی لوبنان، هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ بۆ هێورکردنەوەی ئەو ڕێوشوێنانەی بۆ خۆپاراستن گیرابوونەبەر تا ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا بگیرێت.
لەوەتای تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتەوە لە هاوینی ڕابردوودا، لوبنان حکومەتێکی کارای تیادا نەماوە. لەو تەقینەوەیەدا زیاتر لە 200 کەس کوژران و ڕووبەرێکی فراوانی بەیروتی پایتەختیشی وێرانکرد.
پاش ئەو کارەساتە، حکومەتی لوبنان دەستی لە کار کێشایەوە، بەڵام بەهۆی دابەشبوونی قوڵی سیاسییەکانی وڵاتەکەوە، تا ئێستا ڕێککەوتنێک نەهاتۆتە ئاراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ.