تەقینەوەیەکی تر لە کابوڵ

پۆلیسی ئەفغانستان دەڵێت بۆمبێک مینی پاسێکی کردۆتە ئامانج لە شاری کابوڵ پایتەختی وڵاتەکە و لەم ڕووداوەدا بەلانیکەم 15 کەسی سیڤیل بریندارن.

هەروادێ و ئەم جۆرە هێرشانە لە ئەفغانستان زیاد دەبن.

فردەوس فەرامەرز، وتەبێژی سەرۆکی پۆلیسی پایتەختی ئەفغانستان دەڵێت لە ناوچەی دەهانێ باغ هێرشەکە کراوەتە سەر مینی پاسەکە و ئۆتۆمبێلێکی تاکسیش زیانی پێگەیشتووە لە ئاکامی تەقینەوەکە و دەشڵێت دەشێت ژمارەی زیانە گیانییەکان بەرز ببێتەوە.

ئەم هێرشە بۆمبییەی ئەمڕۆ دووشەممە، یەک ڕۆژ پاش تەقینەوەکانی ترە لە ڕۆژئاوای کابوڵ کە بوونە مایەی کوژرانی 3 کەس و برینداربوونی 12 کەسی تر، وەک فەرامەرز دەڵێت.

وتەبێژی سەرۆکی پۆلیسی کابوڵ دەڵێت یەکەم هێرشیان بۆسەر ڤانێک و ئۆتۆمبێلێکی تریش لە ناوچەیەکی تردا کراوە بە ئامانج.
فەرامەرز دەڵێت لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و تەواوی قوربانییەکانیش خەڵکی سیڤیلن.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانەی یەکشەممە و دووشەممەش ڕانەگەیاندووە، لە کاتێکدا هێرشە بۆمبییەکان و کوشتنی بە مەبەست و بەرنامە بۆ داڕێژراو و توندوتیژییەکانی تریش لە ئەفغانستان هەروادێ و زیاد دەکەن لەگەڵ ئەوەشدا کە دانوستاندنی ئاشتی لە نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیباندا بەردەوامە لە وڵاتی قەتەر.

ڕێکخراوێکی خۆجێیی سەر بە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی بەرپرسیارێتی خۆی بۆ هەندێک لەو توندوتیژیانەی ئەفغانستان ڕاگەیاندووە، بەڵام زۆربەی هێرشەکان ڕانەگەیەندراون چ لایەنێک بەرپرسیارە لێیان و حکومەتیش لۆمەی تاڵیبان دەکات.
تاڵیبان نکوڵی دەکات لەوەی دەستی هەبێت لە زۆربەی هێرشەکاندا.