سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعی، ئاماژەبەوەدەکات کاتێک خەڵکی خوارووی عێراق سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکەن، دەبینن ئەو دوو پارێزگایە وەکو ئەوروپای لێهاتووە، کەچی پارێزگاکانی خۆیان لە سەردەمی حوکمڕانی سەدام حسێن خراپترە، بۆیە دۆخەکەیان پێ قەبوڵ ناکرێت.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەبارەت بە هۆکاری پەنابردنی هێزە شیعەکان بۆ تێپەڕاندنی یاساکان بە زۆرینە و وەلا نانی تەوافق، نەجات حسێن دەڵێت"بەشێک لە وەزارەتەکان لای عەرەبی سونە یاخود کوردن، ڕێژەی گەندەڵی تێیاندا بەرزە، کەچی تانە لە حوکمڕانی شیعە دەدرێت، بۆیە شیعە ناچارە هەندێک ڕێوشوێن بۆ باشکردنی حوکمڕانیەکەی بگرێتە بەر."
جەختیشیکردەوە"شیعە ناچارە بێ ڕازیبوونی لایەنی تر، بودجە پەسەند بکات، چونکە خوارووی عێراق زبڵخانەیە، لەکاتێکدا هەولێر و سلێمانی خەریکە دەبن بە ئەوروپا، خەڵکی خوارووی عێراق مافی خۆیانە بپرسن، کە هەردوولا لە حکومەتن، بۆ هەولێر و سلێمانی وایە و ناوچەکانی ئەوانیش لە سەردەمی سەدام خراپترە، پەرلەمانتارە شیعەکان لەژێر فشاردان، هەڵبژاردنمان لەپێشە، دەبێت شتێک بۆ خۆیان بکەن و خەڵک ڕازی بکەن، ئەگینا وەزعە مەترسیدارە و خەڵک توڕەیە."
لایەنە شیعەکان هەوڵی پەسەندکردنی یاسای دادگای ئیتیحادی دەدەن، کە دەیانەوێت چەند شارەزایەکی ئیسلامی بکەن بە ئەندام لەو دادگایەدا و هاوشێوەی دادوەرەکان مافی دەنگدانیان هەبێت، ئەمەش لای کورد و بەشێک لە سونەکان، بەهەوڵێک بۆ بردنی عێراق بەرەو دەوڵەتی مەزهەبی لێکدەدرێتەوە، لەوبارەیەوە سەرکردەکەی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی دەڵێت"لەکاتی ڕووخانی بەعسدا، بەشێک لە لایەنە شیعەکان خوازیاربوون دەستوری عێراق هاوشێوەی ئێران بکەنە ئیسلامی، بەڵام بەشێکی تریان، دژی ئەمە بوون، وتیان: ئەمە ناکرێت، چونکە عێراق هەموو نەتەوە و پێکهاتەیەکی تێدایە، بۆیە بەئیسلامیکردنی عێراق قورسە، بەڵام لە دەستوردا دەرچوونی هەر بڕیارێکی دژ بە ئیسلام ڕێگە پێنەدراوە، بۆیە دانانی شارەزای ئیسلامی لەنێو دادگای ئیتیحادی بۆ ئەوە نیە دەوڵەت بەرەو مەزهەبی ببرێت، بەڵکو بۆ ڕێگرتنە لە بڕیاری دژ بە ئاین."
لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، نەجات حسێن سەرکردەی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعی، ڕەخنەی لەو هێز و لایەنانە گرت کە دژی دانانی شارەزای ئیسلامین لەنێو دادگای ئیتیحادیدا، وتی"ئەو حیزبانە بەناوی مەدەنیەوە قسە دەکەن و ڕەخنە دەگرن، کەچی خەڵکیان لەگەڵ نیە، دەیانەوێت ڕای خۆیان بسەپێنن، ئەگینا دانانی شارەزای ئیسلامی واتای گۆڕینی دەستور نیە بۆ ئیسلامی."
Your browser doesn’t support HTML5