"ڕێککەوتن و ڕێککنەکەوتن" ئەمە ئەو گرەو و ئەگەرانەن بوونەتە ویردی سەر زمانی خەڵک لەوەتای کۆبوونەوەکانی بەغدا و هەولێر دەستیان پێکردووە لەسەر بودجەی ساڵی 2021ی عێراق.
بە دڵنیاییەوە ئەم ئەگەر و نەگەری ڕێککەوتن و ڕێکنەکەوتنە ڕەگی مێژوویی خۆیی هەیە و ئاماژەکانیش زیاتر بەو ئاڕاستەیەدان کە ئەگەری ڕێککەوتن زۆر کەمە، بە تایبەتیش کە زەمینەی نوێی لێکتێنگەیشتنی نێوان بەغدا و و هەولێر هەروادێ و گەورەتر دەبێت، ئەمە بێجگە لەوەی پێناچێت تێگەیشتنێکی هاوبەشیش هەبێت بۆ چەمکی عێراقی نوێی دوای ساڵی 2003.
پێش و پاش ساڵی 2003، کاتێک ئۆپزسیۆنەکانی ئەوسا و فەرمانڕەوایانی ئێستای عێراق، باسیان لە قۆناغی دوای دیکتاتۆرییەتی سەدام حوسەین دەکرد بە "عێراقی نوێ" ناودێریان دەکرد.
هەرچۆنێک بێت تا ئێستا چەند جارێک دراوە بە گوێی خەڵکدا لەوپەڕی باشوری عێراق بۆ ئەوپەڕی باکوری وڵاتەکە کە ڕێککەوتن کراوە؛ بەڵام ئەوەی دەبینرێت هەر ڕۆژە و جۆرە تەگەرەیەک بۆ پەسەندکردن یان تێپەڕاندنی بودجەی وڵاتەکە دروست دەبێت. ئەم کێشە و تەگەرانە لە نێوان کورد و لایەنە شیعەکان و لە نێوان لایەنە شیعەکانیشدا هەن و کیشەی قوڵیشن و هەوڵەکانیش، وەک دەگوترێت لەم عێراقە بە شەڕ وێرانبووەدا بەو ئاڕاستەیەدان کە بە پینەوپەڕۆکردن چارەسەر بکرێن. لەوەتای هێزەکانی هاوپەیمانانی نێونەتەوەیی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی عێراق و ڕوخاندیان، هیچ یەکێک لە کێشە بنەڕەتی و سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە یەکلانەکراوەتەوە و ساڵ لە دوای ساڵیش ئەم کێشانە قوڵتر و ئاڵۆزتریش بوون و کێشە و گرفتی نوێیان هاتوونەتە سەر و بەسەر یەکدا کەڵەکە بوون.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر سەردار عەزیز، پسپۆڕ و شیکەرەوەی سیاسی
لە دۆسێکانی نێوان بەغدا و هەولێردا "ئێستا هەرە گرنگترینیان بۆ هەردوولا دۆسێی نەوتە" یەک ئەوی تریان گوناهبار دەکات بەوەی وابەستەی ڕێککەوتنەکان نابن و بەندەکانیشی جێبەجێناکەن.
هەر بۆیەشە لێرە و لەوێی عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە گوێمان لەوە دەبێت کە دەگوترێت نزیکەی 18 ساڵ پاش ڕوخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین، هێشتا نەوت یەکسانە بە "نەفرەت نەک نیعمەت."
نەوت و متمانە بە یەک کردن، لە ڕێککەوتنەکانی نێوان بەغدا و هەولێردا یەک بەهایان هەیە و گومانەکانی هەردوولایش لە یەکتر لەسەر ئەم دوو بابەتەن و دۆسێی خاک و ماف ئامادەییەکی ئەوتۆیان نییە لە وتووێژەکانیاندا.
ئەگەر هەرێم و بەغدا، نەگەنە ڕێککەوتن ئەوا بەرەنجامە نەخوازراوەکانی بەسەر دانیشتوانی هەرێمدا دەکەوێت و بە تایبەتیش بەسەر فەرمانبەران و مامۆستایاندا، چونکە لەم چەند مانگەی پێش هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراقدا، هاوڕایی هەیە لە نێوان فراکسیۆنە عەرەبەکانی ناو پەرلەماندا سەبارەت بەوەی وەک دەگوترێت "ئەگەر هەرێمی کوردستانی عێراق، نەوت و داهاتی ناوخۆی بەو بڕەی بۆی دیاردەکرێت ڕادەستی حکومەتی نێوەندی نەکات، ئەوا شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەغداوە نانێردرێت."
*ئایا نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان بەغدا و هەولێردا، عێراق دەخاتە بەردەم چ ئەگەرێکەوە؟
*ئایا بەغدا و هەولێر کێشەیان لەسەر دۆسێکانی نەوت و داهات هەیە، ئەی ئەگەر باس هاتە سەر خاک و جوگرافیا، چی لە نێوانیاندا ڕوودەدات؟
*خوێندنەوە جیاوازەکان بۆ دەستوری عێراق، بۆتە تەگەرەیەک لە بەردەم ڕێککەوتنی پێکهاتەکانی عێراقدا یان ئەو هاوڕاییەی کە پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێکی وەک عێراق، ئەمە چەندێک عێراقییەکان دەخاتە بەردەم بەپرسیارێتی بۆ پێداچوونەوە بە دەستوردا؟
دکتۆر سەردار عەزیز، پسپۆڕی سیاسی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5