ئەمەریکاییەکان چۆن لە کوشتنکارییەکەی کۆلۆرادۆ دەڕوانن

لە هەفتەی ڕابردوو گەنجێکی تەمەن 21 ساڵان بە ناوی ئەحمەد ئەلعیسا لە ناو بازاڕێکی خواردنی شاری بۆڵدەر لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ تەقەی بە نێو خەڵکیدا کرد و 10 کەسی کوشت. بنەماڵەکەی و ئەو کەسانەی دەیناسن دەڵێن " ئەحمەد کێشەی دەروونی هەیە."

ئایا دەزگاکانی ئاسایش و میدیای ئەمەریکایی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا دەکەن؟ ئایا وەک تاوانێک کە لەلایەن گەنجێکی ئەمەریکایی کە نەخۆشی دەروونی هەیە لێی دەڕوانن یان وەک موسوڵمانێکی توندڕەو ؟ ئایا چ شتێک بووەتە هاندەر بۆ ئەنجامدانی کارەساتێکی لەو جۆرە؟

دکتۆر ئازاد مورادیان

ئازاد مورادیان دەروونناس و پسپۆڕی چارەسەریی نەخۆشی دەروونی بنکە لە کالیفۆرنیا لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە بارە دەروونییەکەی ئەو هێرشبەرە دەڵێت " کاتێک تاکەکەسێک بگاتە ئەو ئاستەی چەک هەڵگرێت و دەستبداتە کوشتنی خەڵکی بێتاوان و خەڵکی ئاسایی ئەوا لە ئاستی تەندروستی دەرونیدا نەماوە.ئەو کەسە بەم کارەی کردوویەتی قین و نەفرەتێکی خۆی لە خۆیدا دروستیکردووە بەو جۆرە ڕشتووە."

ئەحمەد ئەلعیسا لە نزیکەی تەمەنی دوو ساڵییەوە لە ئەمەریکا ژیاوە لە بنەماڵەی کۆچبەرێکی سوریاییە. ئەو کەسانەی ئەم هێرشبەرە دەناسن دەڵێن هەر لە منداڵییەوە کەسێکی گۆشەگیر بووە و زۆر جار لە خوێندگاش بەهۆی پاش ناوەکەی کە نزیکەی لە ئەلیساوە گاڵتەی پێکراوە.

دکتۆر مورادیان دەڵێت ئەو شێوازی ڕابردووەی کە هەیبووە و گرفتی لە خوێندنگا هەبووە دەبوو ئەم گەنجە لە ژێر چاودێری پزیشکی دەروونی بوایە " دەبوو دەرمانی بەکاربهێنایە تەنانەت دەبوو لە نەخۆشخانەی دەروونی بوایە."

لەم وتووێژەدا کە هاوکار دەخیلی شەممۆ لەگەڵ دکتۆر ئازاد مورادیان ئەنجامی داوە، دکتۆر مورادیان باس لەوەش دەکات کۆمەڵگەی ئەمەریکا و بە تایبەتی میدیای ئەمەریکا چۆن لەم بابەتە دەڕوانێت.

Your browser doesn’t support HTML5

دەخیل