خۆپیشاندانەکانی میانمار بەردەوامن

شەپۆلی ناڕەزایی بەرامبەر کودەتا لەشکرییەکەی میانمار بەردەوامە و ئەمڕۆش یەکشەممە خۆپیشاندەران ڕژابوونە سەر شەقامەکان، یەک ڕۆژ پاش خوێناویترین سەرکوتکردن لەوەتای کودەتاکەی لە سەرەتای مانگی دوودا لەو وڵاتەدا کرا.

ڕۆژی شەممە بەلانیکەم 90 کەس لە میانمار کوژراون و چەندان منداڵیش لەنێو کوژراوەکاندان. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە توندی ناڕەزایی بەرامبەر ئەو خوێنڕشتنانەی ڕۆژی شەممەی میانمار دەربڕیوە.
چالاکوانانی کار بۆ گێڕانەوەی دیموکراسی دەکەن، بانگەوازیان بۆ خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی شەممە کردبوو کە هاوکات بوو لەگەڵ هەمان ئەو ڕۆژەی لەشکری وڵاتەکە نومایشتێکی گەورەی سەربازیانە دەکات لەبەردەم سەرکردەی لەشکری وڵاتەکەدا.

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی کۆمەککردنی زیندانییە سیاسییەکان کە ئاماری کوژراوەکانی پاش کودەتا لەشکرییەکە دەکات، لەوەتای ڕۆژی یەکی مانگی دووی ڕابردووەوە 423 کەس کوژراون.

هاوکاتی خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕینەکانی ئەمڕۆش یەکشەممە، مەڕاسیمی تایبەتیش دەکرێت بۆ بە خاک سپاردنی قوربانییەکانی ڕۆژی شەممە.

لەوەتای سەرکردە لەشکرییەکانی بورما، ئۆن سان سوچی ڕێبەری دیموکراسیخوازی میانماریان لە دەسەڵات لاداوە، ئەم وڵاتە کەوتۆتە قەیرانێکی قوڵی خوێناوییەوە.