کۆنفرانسی برۆکسل بۆ کۆمەکی سوریاییەکان

وێنەیەکی سوریای بە شەڕ وێرانبوو

پاش 10 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر شەڕی سوریادا، داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکرێت بۆ خێراکردن لە دابین کردنی بڕی چەندان ملیار دۆلار بۆ یارمەتی و کۆمەکی مرۆیی.

پێنجەمین کۆنفرانسی برۆکسل لەسەر سوریا لەڕێی ڤیدیۆییەوە دەکرێت بەهۆی خۆپارێزییەوە لە پەتای کۆرۆنا، لە کاتێکدا دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ پەنابەران و خەڵکی سوریا بە هەنگاوێکی پێویست دادەنرێت.

دەزگاکانی کۆمەک و یارمەتیدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ میدیاکان دەڵێن "لەگەڵ زیادبوونی کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنادا سەروەختێکی پشوو و ئارامی بۆ گەلی سوریا نەهاتۆتە ئاراوە."
ئەم ڕاگەیەندراوەی دەزگاکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممەی وڵاتانی خێرخوا بڵاوکراوەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "سوریاییەکان هەروادێ و زیاتر ڕووبەڕووی برسێتی و هەژاری دەبنەوە و ئاوارەبوون و هێرشەکانیش بەردەوامن لەسەریان."

دەزگاکانی کۆمەک و یارمەتیدانی سەر بە یو ئێن، ئاگاهیشیان داوە کە 24 ملیۆن سوریایی لەناو وڵاتەکە و لە وڵاتانی دراوسێشیدا لە مەترسیدان، وەک لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە "ڕەوشی خراپی ژیان و گوزەرانی چوار ملیۆن کەس زیادی کردووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2020دا و ئەم ژمارەیەش هەرگیز ئەوەندە زیاد نەبووە لەوەتای قەیرانی سوریا دەستیپێکردووە."

نوێنەرانی زیاتر لە 50 وڵات و 30 ڕێکخراو و ڕێکخراوی ناحکومی و نێوەندی خێرخوایی و دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی دارایی بەشداری لەم کۆنفرانسەدا دەکەن.

ئامانجی کۆنفرانسەکەش کۆکردنەوەی 10 ملیار دۆلارە و لەو بڕە پارەیەش چوار ملیار و دووسەد ملیۆن دۆلار بۆ دابین کردنی پێداویستییە مرۆییەکانە لەناو سوریادا و ئەوەیشی کە دەمێنێتەوە بۆ داڵدەدانی پەنابەرانی سوریاییە لە ناوچەکەدا.

ئەم بڕە پارەیەش وەک یارمەتییەکە بۆ لوبنان و شانشینی ئوردون و تورکیا و عێراق و هەروەها میسر، کە ناچاربوون داڵدەی بە ملیۆنان پەنابەری سوریایی بدەن وێڕای کێشە و گرفتەکانی هەر یەکێک لەو وڵاتانە هەیانە.

لە کۆنفرانسی پێشوودا کە لە مانگی 6ی ڕابردوودا کرا، توانرا بڕی پێنج ملیار و پێنجسەد ملیۆن دۆلار کۆبکرێتەوە، بەپێی زانیارییەکانی یو ئێن.

27 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپا دوو لەسەر سێی ئەو کۆمەک کردنانەیان دابین کردووە.

یەکێتی ئەوروپا نیگەرانی هەیە لەوەی شکستهێنان لە تەرخانکردنی کۆمەک و یارمەتی بۆ پەنابەران لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست وەها دەکات ئەو پەنابەرانە ڕوو لە ئەوروپا بکەن.

لە قەیرانی سوریادا زیاتر لە 388 هەزار کەس کوژراون و بە ملیۆنان خەڵکیش ئاوارەبوون لەوەتای سەرکوتکردنە خوێناوی و دڕندانەکەی ڕژێمی سوریا لە ساڵی 2011دا کردی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی دژە حکومەت.