ئەلێکسی ناڤاڵنی، ڕەخنەگر لە کرملن کە ئێستا لە زیندانە دەڵێت لەوەتای مانگی ڕابردووەوە کە زیندان کراوە دەیان ئاگادارکردنەوەی پێدراوە لەسەر هەڵسوکەوت کردن و ئەمەش وەها دەکات مەترسی زیندانیکردنی تەنهایی لەسەر هەبێت.
بڕیاری دوو ساڵ و نیو زیندانیکردن دراوە بەسەر ناودارترین ڕەخنەگر لە ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا لەسەر تاوانبارکردنێکی کۆنی دەستدرێژیکردن بۆسەر پارەی گشتی، بەڵام وەک ناڤاڵنی دەڵێت "مەبەستی سیاسی لە پشت ئەو گوناهبارکردنەوە هەیە."
هاوپەیمانەکانی ئەلێکسی ناڤاڵنی و چالاکوانانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن دەڵێن ئەو یاسایەی ناڤاڵنی پێ سزا دراوە یەکێکە لە خراپترین یاساکانی ڕوسیا و هەروەها نیگەرانیشیان دەربڕیوە سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستی ئەم ڕێبەرەی ئۆپزسیۆنی ڕوسیا.
ناڤاڵنی تەمەن 44 ساڵ دەڵێت "لەم چوار هەفتەیەی ڕابردوودا 10 ئاگادارکردنەوەی فەرمی بەدەست گەیشتووە لەلایەن دەسەڵاتدارانی زیندانەکەیەوە." دەشڵێت 6 دانەیان لەلایەن پاسەوانەکانی ئەم گرتوخانەیەیە کە ئێستا لێی دانراوە لە شارۆچکەی پۆکرۆڤ لە دەرەوەی مۆسکۆی پایتەخت.
ئەلێکسی ناڤاڵنی لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئینستگرام نوسیویە "ئەگەر دوو ئاگادارکردنەوە وەربگریت ئەوا دەشێت ببرێیتە ژووری سزادانەوە و شوێنێکی خۆشیش نییە و ڕەوشی ئەو ژوورانە وەک ئەشکەنجەدانە."
ڕێبەری ئۆپزسیۆنی ڕوسیا دەڵێت لە ئێستادا کاربەدەستانی زیندان ناردنی نامەی زیاتری ئاگادارکردنەوە تاووتوێدەکەن.
بەپێی ئاگادارکردنەوەکان، ناڤاڵنی سەرپێچی ڕێنوماییەکانی زیندانی کردووە، لەوانە؛ هەڵسانی پێشوەخت لە خەو، ڕەتکردنەوەی سەیرکردنی ئەو ڤیدیۆیانەی ناویان لێنراوە بۆ چەواشەکراوان، هەروەهاش ڕەتکردنەوەی پێشنیازی سەرۆکی زیندانەکە تا قاوە بخواتەوە لە بری وەرزش کردن.
لە هەفتەی ڕابردوودا ناڤاڵنی ڕایگەیاندبوو کە ئازارێکی زۆری پشتی هەیە و قاچەکانیشی سڕ دەبن و گازەندەی ئەوەیشی کردبوو کە کارمەندانی تەندروستی لە زیندانەکەیدا داواکەیان فەرامۆش کردووە بۆ چارەسەرکردنی.