دەیان وڵات و ڕێکخراوی خێرخوا بەشدارییان لەو وتووێژانەدا کردووە کە تایبەتن بە چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی لە سوریا و لە وڵاتانی دراوسێی سوریاشدا.
نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا میوانداری ئەم کۆبوونەوانە دەکەن بەمەبەستی پارە کۆکردنەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی سوریا.
ڕێکخەرانی ئەم کۆبوونەوانە کە بە پێنجەم کۆنفرانسی برۆکسل ناودێر دەکرێت، دەڵێن " ئامانجە سەرەکییەکە لەم وتووێژانەدا، درێژەدانە بە پشتیوانی لە گەلی سوریا و هاوڕاییە لەناو کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا بۆ پشتیوانی لە چارەسەرییەکی سیاسی متمانە پێکراو بۆ قەیرانی سوریا."
لەوەتای 10 ساڵ لەمەوبەرەوە شەڕی ناوخۆی سوریا دەستیپێکردووە و هێشتاش چارەسەرییەکی سیاسی بۆ ئەم قەیرانە لە ئاسۆدا دیار نییە.
زیانە گیانییەکانی ئەم قەیرانە خوێناویە، بە سەدان هەزار کەسە و ئاوارەبوونی بە ملیۆنان خەڵکی سوریاش بۆ وڵاتانی ناوچەکە کاریگەری کردۆتە سەر سەقامگیری ئەو وڵاتانە و تارمایی ئەو کێشانەش لە وڵاتانی ئەوروپاشدا دەبینرێن.
نەتەوە یەکگرتووەکان وەهای مەزەندە کردووە، 13 ملیۆن و 400 هەزار کەس لەناو سوریادا (زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە) پێویستیان بە کۆمەک و یارمەتی هەیە.
بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناش لەو وڵاتە بەشەڕ وێرانبووەدا، هێندەی تر قەیرانی سوریای قوڵتر و خراپتریش کردووە.
دراوی سوریایی بە تەواوەتی داڕماوە و ئەمەش وەهای کردووە نرخی پێداویستییەکان و کەرەستە و کەلوپەلیش بە ئەندازەیەکی زۆر گران ببێت. ئابوریناسان دەڵێن بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پاردا، ئێستا نرخ بە ڕێژەی لە سەدا 222 بەرز بۆتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە هەر 10 کەس لە سوریادا، 9 کەس لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و زیاتر لە 4 ملیۆن و 300 هەزار کەسیش ڕووبەڕووی گرفتەکانی نەبوونی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە.
مارک لۆکوک، ڕێکجەری کاروباری مرۆیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "10 ساڵی مەینەتی و کارەسات بەسەر سوریاییەکاندا تێپەڕیوە و ڕەوشێکی ئێجگار خراپی بژێوی و گوزەران هەیە و داڕمانی ئابوری و کۆڤید 19 بوونەتە هۆکاری زیاتربوونی برسێتی و بەدخۆراکی و نەخۆشی لەکاتێکدا هیچ پێشبینییەکیش لە ئارادا نییە بۆ چارەسەرییەکی سیاسیانەی قەیرانی سوریا."