ئەو دادوەرە عێراقییەی سەرۆکایەتی دادگاییکردنەکەی سەدامی کرد بەهۆی کۆڤید19 گیانی لەدەستدا

دادوەر محەمەد عورێبی ئەلخەلیفە

دەستەی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند ئەو دادوەرە خانەنشینەی کە سەرۆکایەتی دادگاکردنەکەی سەدام حسێنی دەکرد، ڕۆژی هەینی بەهۆی کۆڤید-19 گیانی لەدەستدا.

بە گوێرەی هەواڵەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، دادوەر محەمەد عورێبی ئەلخەلیفە لە تەمەنی 52 ساڵیدا، لە نەخۆشخانەیەکی شاری بەغدا گیانی لەدەستداوە کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوێ چارەسەری بۆ دەکرا.

ئۆریبی لە ساڵی 1992 کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغدا تەواو کرد و لە ساڵی 2000 بە بڕیاری سەرۆکایەتی بە دادوەر دەستنیشان کرا.

دوای ئەوەی لە مانگی هەشتی ساڵی 2004 دا بە حاکمی لێکۆڵینەوەی دادگایی سەدام و ڕژێمەکەی ناوزەدکرا، ناوبانگی دەرکرد.

پاشان بوو بە دادوەری باڵا لە دادگاییکردنەکەی سەدامدا بە تاوانی جینۆساید، کە هەروەها عەلی حەسەن مەجید (عەلی کیمایی) و پێنج کەسی تریش بەو تاوانەی دژی کوردەکان دادگایی کردن.

عورێبی شیعە ، لە جێگەی دادوەر عەبدوڵا ئەلئەمیری دانرا کە ئەو لابرابەهۆی ئەوەی دەگوترا لە کاتیدادگاییکردنەکەدا لەگەڵ سەدام زۆر نەرم بوو.

عورێبی لە کاتی دادگاییکردنەکەدا زۆر کەم ڕێگەی بە سەدام و تاوانبارەکانی تر نەدەدا پرۆسەکە ببڕن – تەنانەت چەند جارێک ئەو سەرکردە لادراوانەی عێراقی لە هۆڵی دادگا کردە دەرەوە کاتێک شەڕە قسە لە نێویاندا دروست دەبوو.

لە یەکێک لە دانیشتنەکانی دادگادا پاش ئەوەی سەدام زۆر هاتوهاواری کرد فەرمانی دا بۆ چەند ڕۆژێک لە زیندانی تاکەکەسیدا بمێنێتەوە.

ئەنجومەنی دادوەری عێراق لە بەیاننامەکەیدا ستایشی عورێبی کردووە بۆ ئازایەتی و بەجەرگی لە مامەڵەکردنی لەگەڵ دادگاییکردنی سەدام و بەرپرسانی ڕژێمی پێشوو.

ئەنجومەنەکە دەڵێت " ئەو لە دڵی عێراقییەکان بە گشتی و دادوەران بە تایبەتی دەمێنێتەوە."