وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەدەکات ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا لەلایەن هەموو کوتلە سیاسیەکانەوە ڕەزامەندی لەسەر دراوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و هەرێمیش بۆ ئەو مەبەستە ئامادەیە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەبارەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەوە، دەڵێت"ڕێککەوتنەکە لەگەڵ لیژنەی دارایی و سەرجەم کوتلە سیاسیەکان ئەنجامدراوە، حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە هەڵینجانی 460 هەزار بەرمیل نەوت، ئەم بڕە نەوتە بڕێکی دەڕوات بۆ ئیستیهلاکی محەلی و بەشێکی دەڕوات بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوەی نەوت."
جەختیشیکردەوە" ئەوەی دەمێنێتەوە 250 هەزار بەرمیل نەوتە، قیمەتەکەی لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە وەردەگیرێت، هەروەها 50% داهاتی نانەوتیش ڕادەستی عێراق دەکرێت، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێم ئامادەییمان دەڕبڕیووە، ئەو 50% بەپێی یاسای ئیدارەی مالی بدەینە حکومەتی عێراق، لەبەرامبەریشدا حکومەتی عێراق تەواوی نەفەقاتی حکومەتی هەرێم دابین بکات."
هەرچەندە حکومەتی عێراق و هەرێم ڕێککەوتوون، بەڵام هێشتا بەشێک لە چاودێران بەقورسی دەزانن ڕێککەوتنەکە لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ بکرێت، بەو پێیەی هەندێک لە کوتلە سیاسیەکان بە ڕێککەوتنەکە ڕازی نین، لەو بارەیەوە سەمیر هەورامی وتی"ئێمە بۆیە بەهیواین ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، چونکە هەموو کوتلە سیاسیەکان بەشیعە و سونەوە ئامادەیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان نیشانداوە، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمیش بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی چەند جارێک سەردانی بەغدای کردووە و زیاتر لە دووسەد سعات لەگەڵ کوتلەو چین و توێژەکان کۆبووەتەوە، ماوەتەوە ڕێککەوتنەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەردوولا ئامادەییان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە نیشانداوە، هیچ کێشەیەکی قورس نییە، ببێتە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە."
دەوترێت نییەتی هەرێم لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ بەغدا بۆ وەرگرتنی شەرعیەتی فرۆشتنی نەوت بووە، بەڵام وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە گرفتێک هەیە لەداننانی حکومەتی عێراق بەو گرێبەستانەی حکومەتی هەرێم ئەنجامیان داون، ڕاپۆرتە وەرزیەکانی کۆمپانیای دیلۆیتیش لەلایەن کابینەی عادل عەبدولمەهدیەوە دانی پێدانراوە، سەبارەت بە جۆری گرێبەستەکانیش، حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە پێیاندا بچێتەوە و ئەوەی لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە، هەوڵدەدرێت بەو جۆرە بێت.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی هاتنی پارەن لەبەغداوە بۆ هەرێم، سەمیر هەورامی ئاماژەی بەوەکرد چاوەڕێی دەرکردنی ئیرشاداتن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی یاساکەی پەرلەمان، دواتر لەسەر بنەمای ئیرشاداتانە، حکومەتی هەرێم ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، دواتر حکومەتی عێراق ئەوەی لەسەر شانییەتی وەکو خۆی جێبەجێی بکات، کە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە.
Your browser doesn’t support HTML5