ڕێزان شێخ دلێر: گەر هەرێم پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنەکەوە، عێراق لێناگەڕێت نەوت بفرۆشێت

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەبەوەدەکات گەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنەکەی نێوانی لەگەڵ حکومەتی عێراق، حکومەتی عێراق لێناگەڕێت، هەرێم سەربەخۆیانە نەوت بفرۆشێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت "لە ڕێککەوتنەکەدا شەرعیەت دراوە بە فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە، هەرێم چەنێکە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت لەسەر نەوت، بەڵام ڕێککەوتنەکەی ئەمجارە، ئەوەیە کە هەرێم دەیویست، وەزعی هەرێمی کوردستانیش لەڕووی ئابووریەوە خراپە، بۆیە باوەڕناکەم هەرێم پابەند نەبێت."

پەرلەمانتارەکەی عێراق، ڕوونیکردەوە گەر حکومەتی هەرێم پابەند نەبێت بەڕێککەوتنەکەوە، بەغداش ڕازی نابێت نەوت بفرۆشێت، وتی"بەغدا ناهێڵێت هەرێم بە ئارەزووی خۆی نەوت بفرۆشێ، بەبێ پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکەوە."

ڕێزان شێخ دلێر، ڕەتیکردەوە کوتلە عێراقیەکان بتوانن ڕێگری لەبەردەم ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا دروست بکەن، وتی"حکومەت مولزەمە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە، نەک لایەنی سیاسی."

دەربارەی بارودۆخی عێراق و ململانێی نێوان لایەنەکان و بردنی دۆخەکە بەرەو پشێوی، ڕێزان شێخ دلێر وتی"وەزعی عێراق لەسەردەمی داعش ئەوپەڕی خراپبوو، خۆپیشاندان سەریهەڵداو شارەکانی خوارووی عێراق گڕیان گرت، بەڵام عێراق هەرما، بۆیە کوتلەکان بزانن داهاتوویان مەترسی لەسەرە، خۆیان ڕێکدەکەون، ئەگینا شارعی عێراق هیچ کوتلەیەکی ناوێ و ڕێککەوتن هێشتونیەتیەوە."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە مانگی 10 ی ئەمساڵ، ئاماژەی بەوەکرد ئەستەمە بتوانرێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دوور لە ساختەکاری لەو وادەیەدا ئەنجام بدرێت، چونکە چەک لەدەستی میلیشیادایە، حکومەت هێشتا باڵادەست نیە بەسەر هەموو عێراق دا، کۆمیسیۆن بێ لایەن نیە، وتی"بەڵام گەر کوتلەکان ڕێکبکەون هەڵبژاردن بکرێت ئاسانە، هیچ بڕگەیەکی یاسای بودجە لە بڕگەی دابەزاندنی بەهای دۆلار قورستر نەبوو، مشت و مڕی لەسەر بوو، کەچی کاتێک ڕێککەوتن کرا، هیچ گفتووگۆیەکی لەسەر نەکراو بەئاسانی تێپەڕێنرا."

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا