ئەفسەرە خانەنشینەکانی تورکیا ناڕازین و کاربەدەستانیش بە گاڵتەجاڕ ناودێریان دەکەن

دەیان ئەفسەری خانەنشین لە تورکیا ڕووبەڕووی ڕەخنە بوونەتەوە بەهۆی ئەو ڕاگەیەندراوەی بڵاویان کردۆتەوە و کاربەدەستانیش بە "کودەتا" ناودێریان کردووە.

103 ئەفسەری خانەنشینی هێزی دەریایی تورکیا، ڕەخنەیان لە کشانەوەی تورکیا گرتووە لەو پەیماننامە نێونەتەوەییەی کاروباری هێنان و بردنی بارەکان لە تەنگەی پسفۆڕ و دەردەنیلەوە ڕێکدەخەن و دەریای ناوەڕاست دەبەستنەوە بە دەریای ڕەشەوە.

فوئاد ئاکتای، جێگری سەرۆکی تورکیا ئەو 103 ئەفسەرەی ڕاگەیاندراوەکەیان مۆر کردووە بە "فیکە لێدەرە ترسنۆکەکان لە گۆڕستاندا" لێکچواندووە.

نوعمان کورتوملش، جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوای تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە "ئەو ئەفسەرانە عاشقی تورکیای کۆنن و خۆیان لە سەرو خواستی خەڵکەوە دەبینن."

ئەندامێکی باڵای پارتی داد و گەشەپێدان ، لە هەفتەی ڕابردوودا بابەتی کشانەوەی تورکیای وروژاند لە پەیماننامەی "مۆنترۆ" کە ساڵی 1936 مۆرکرابوو.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا سەرۆکایەتی پارتی داد و گەشەپێدان دەکات.

ژەنەراڵە خانەنشینەکانی تورکیا لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا دەڵێن "جێی نیگەرانییە کە پەیماننامەی مۆنترۆ بخرێتە نێو وتووێژەکانی لەسەر تەنگەی پسفۆڕ و کشانەوە لە پەیماننامە نێونەتەوەییەکان دەکرێن."

هەر لەو ڕاگەیەندراوەشدا دەڵێن "لەو بڕوایەداین دەبێت ڕێگە بگیرێت لە هەموو جۆرە لێدوانێک و کارکردنێکی دەبنە مایەی وتووێژ لەسەر پەیماننامەی مۆنترۆ کە شوێنێکی گرنگی هەیە بۆ مانەوەی تورکیادایە."

پارتی فەرمانڕەوای تورکیا و کاربەدەستانی حکومەتیش ئەم ڕاگەیەندراوەیان بەو لێدوانانە لێكچواندووە کە هاوکاتی کودەتا لەشکرییەکانی تورکیا دەدران.

دادپارێزی گشتی لە ئانکەرە، لێکۆڵینەوە کردنی لەسەر ئەو ڕاگەیاندراوە دەستپێکردووە.

ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت "ئەو ڕاگەیەندراوەی ژمارەیەک لە کەسایەتییە لەشکرییە خانەنشینەکان سەروەختی کودەتاکانی بیردەخاتەوە و بووشەتە مایەی ئەوەی وەک گاڵتەجار دەربکەون و جێی بەزەیی پێداهاتنەوەش بن."

وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵێت نابێت هێزە لەشکرییەکانی وڵاتەکە وەک ئامڕازێک بۆ چاوچنۆکی و ئامانج و خواستی کەسێتی ئەوانە بەکاربهێنرێت کە هیچ ئەرک و بەرپرسیارێتییەکیان نییە."