ئێران ڕووداوەکەی ناتانز بە تێرۆریستی ناودێر دەکات و باس لە هیچ وڵاتێکیش ناکات

عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی دەزگای ئەتۆمیی ئێران

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت دامەزراوەی ناوکی ناتانز لە ناوەڕاستی وڵاتەکەدا کەوتۆتە بەر کارێکی "تێرۆریستانە" پاس ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێرانی ڕایانگەیاند وزەی ئەلیکتریک لە بەشێکی ئەو دامەزراوەدا بڕدراوە و هۆکارەکەیشی نەزانرابوو.

لەو ڕاگەیەندراوە فەرمییەدا، عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمیی ئێران دەڵێت " کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ دەربڕینی ناڕەزاییەتی خۆیدا بۆ ئەم کارە، جەختیش دەکاتەوە لەوەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بەرەنگاری ئەم جۆرە کارە تێرۆریستیانە ببنەوە کە دژ بە جموجۆڵە ناوکییەکان دەکرێن."
لەو ڕاگەیەندراوەدا، تاران هیچ و وڵات و لایەنێک گوناهبار ناکات و هەروەها هیچ وردەکارییەکیشی سەبارەت بە ڕەوشی دامەزراوە بە ئامانج گرتووەکان باس نەکردووە.

ساڵحی دەڵێت ئەوەی لە دامەزراوەی ناوکی ناتانز ڕوویداوە "شکستی دژەبەرانی پێشکەوتنی پیشەسازی و سیاسی ئێرانن بۆ ڕێگەگرتن لەو پەرەسەندنە گەورەیەی لە پیشەسازی ناوکیدا هاتوونەتە ئاراوە و هەروەهاش لە بەرەوپێشچونەکانی لە دانوستاندن بۆ هەڵگرتنی سزا سەپێندراوەکانیشدا بەدەست هاتوون."

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمیی ئێران دەڵێت "ئێران بۆ شکستپێهێنانی ئەو جۆرە جموجۆڵە تێرۆریستیانە، بە شێوەیەکی ڕژد بەردەوام دەبێت لە فراوانکردنی تەکنەلۆژیای ناوکی لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە بەردەوام دەبێت لەسەر کارکردن بۆ هەڵگرتنی سزا سەپێندراوەکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران."

زوویەکی ئەمڕۆ یەکشەممە، وتەبێژی دەزگای وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕایگەیاند کە وزەی ئەلیکتریک لە دامەزراوەی ناوکی ناتانز بڕدراوە.

دەسەڵاتدارانی ئێران، ڕۆژی شەممە لە ناتانز ژمارەیەک کۆمەڵە سەنتەرفیوجی نوێیان داناوە کە بەپێی ڕیککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 قەدەغەیە.