جیهادییەکانی سەر بە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی هێرش دەکەنە سەر بنکەیەکی سەربازی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی نایجیریا و بەلانیکەم 5 سەربازی نایجیریایی دەکوژن و 4 سەربازیش بریندارن.
بەپێی لێدوانی 2 گەورە ئەفسەری لەشکری نایجیریا بۆ میدیاکان، نزیکەی 60 سەربازیش بێسەروشوێنن.
ئەو دوو ئەفسەرە جەختیان کردۆتەوە لە شکستی سەربازەکانی ئەو بنکە لەشکرییەی گوندی کامویا لە هەرێمی بۆرنۆ و دەشڵێن "ژمارەی بێسەروشوێنەکان زیاتر بوون و تا ئێستا 41 کەسیان گەڕاونەتەوە و 58 سەرباز دیارنین."
یەکێک لەو دوو ئەفسەرە بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "گەڕان و پڕۆسەی ڕزگارکردنی ئەو سەربازە دیارنەماوانە بەردەوامن."
لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە تا ڕۆژی شەممە، جیهادییەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕۆژئاوای ئافریکا" کە لە ساڵی 2016وە لە ڕێکخراوی تێرۆریستی بۆکۆ حەرام جیابوونەتەوە ژمارەیەک هێرشیان کردووە لە شاری داماسک، کە شارێکی ستراتیژی سەر دەریاچەی چادە و دەکەوێتە سەر سنوری نێوان نایجیریا و نەیجەر. لە ئاکامی ئەو هێرشانەش 20 کەس دەکوژرێن و نزیکەی 65 هەزار کەسیش بە ناچاری زێدی خۆیان جێدەهێڵن.
تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لەو هێرشانەدا ژمارەیەک باڵەخانەشیان سوتاندووە، لەوانە بنکەکانی پۆلیس و بنکەکانی تەندروستی و هەروەهاش ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران.
ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی نایجیریا لە ساڵی 2009وە کەوتۆتە قەیرانێکی خوێناوی و بەهۆی هێرشە خوێناویەکانی بۆکۆ حەرام، زیاتر لە 36 هەزار کەس کوژراون و بریندارن.
لەو کاتەشەوە هێرشەکانی جیهادییە تێرۆریستەکان پەلیان هاویشتووە وڵاتانی دراوسێی نایجیریا؛ نەیجەر و چاد و کامیرۆن.