سەرۆکی بیلاروس دەڵێت شکست بە هەوڵێکی کودەتا هێنراوە

سەرۆکی بیلاروس شکستی هەوڵێکی کودەتا و هەوڵدان بۆ کوشتنی خۆیی و خێزانەکەی ڕادەگەیەنێت.

ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ دەڵێت ئەمەریکا پێلانگێڕی بۆ کوشتن و کودەتاکەش کردووە و 2 کەسیش دەستگیرکراون و ئاشکرابوونی ئەو هەوڵانەش بە یارمەتی مۆسکۆ بوون.

لۆکاشینکۆ لەوەتای ساڵی 1994ەوە سەرۆکی بیلاروسە و چەندان مانگە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی بێپێشینەی ناڕەزایی بۆتەوە پاش ئەوەی لە مانگی 8 ڕابردوودا سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەدا ڕاگەیاند و خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەش جەخت دەکەنەوە لەوەی فێڵ و ساختەکاری لە هەڵبژاردندا کراوە.

ئەم شەپۆلی ناڕەزاییانە، دەیان هەزار کەسی ڕژاندە سەر شەقامەکانی مینسک، بەرلەوەی ژمارەکە بەرەو کەمبوونەوە بڕوات بەهۆی سەرکوتکردنەکانی دەسەڵات لە بیلاروس، هاوکاتی دەستگیر کردنی زۆربەی سەرکردەکانی ئۆپزسیۆن و هەروەهاش ناچارکردنی هەندێکیان بەوەی وڵاتەکە جێبهێڵن.

دەزگا ئاسایشییەکانی بیلاروس درەنگانێکی ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند لە کردەیەکی تایبەتدا هەوڵی کۆمەڵەیەکی پوچەڵکردۆتەوە، وەک دەڵێن "پیلانیان دادەڕشت بۆ کوشتنی سەرۆکی بیلاروس و ئەندامانی خێزانەکەی و دەیانویست لە ڕێی یاخیبوونێکی چەکداریی توندوتیژئامێزەوە دەست بگرن بەسەر دەسەڵاتدا."

لۆکاشینکۆ وەک دەڵێت هێزە ئاسایشییەکانی ڕوسیا 2 هاوڵاتی بیلاروسیان لە مۆسکۆ دەستگیرکردووە "ئەلیکساندەر فیدۆتا، شیکەرەوەی سیاسی- یۆری زینکۆفیتچ، پارێزەر" ئەم دوو هاوڵاتیەی بیلاروس رەگەزنامەی ئەمەریکاییان هەیە.

سەرۆکی بیلاروس لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت "ئەو کۆمەڵەیەمان دەستگیرکردووە و بۆیان ئاشکرا کردووین کە بەرنامە ڕێژییان بۆ هەموو شتێک کردووە. بۆمان ئاشکرابوو دەزگای هەواڵگری بیانی دەستیان هەبووە و زۆریش پێدەچێت دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا سی ئای ئەی و دەزگای لێکۆڵینەوەی فێدراڵی ئەمەریکا ئێف بی ئای، لە پشت ئەو پیلانانەوە بن."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نە ڕوسیا و نە ئەمەریکاش هیچ تێبینییەکیان نەداوە لەسەر ئەم لێدوانەی لۆکاشینکۆ.

سڤیتلانا تیخانۆڤسکیا، ڕێبەری ئۆپزسیۆنی بیلاروس کە ئێستا لە لیتوانیایە ئەم لێدوانانەی لۆکاشینکۆ بە هەوڵێکی بێزارکردن و چەواشەکاری دەزگا ئاسایشییەکانی بیلاروس و ڕوسیا دادەنێت و دەیانەوێت هاولاتیانی وڵاتەکەی و ئەمەریکاییەکانیش تێوەبگلێنن.

سەرباری سزاکانی ئەوروپا و ئەمەریکاش لەسەر سەرۆکی بیلاروس و گەورە کاربەدەستانی حکومەتەکەی، هێستا ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ کە مۆسکۆ پشتیوانی دەکات هیچ ئاماژەیەکی بۆ کرانەوە بەڕووی شەپۆلی ناڕەزایی وڵاتەکەی نیشان نەداوە و بە پێچەوانەوە درێژەی داوە بە سیاسەتی سەرکوتکردن.