سوریا ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕادەگەیەنێت

سەرۆکی پەرلەمانی سوریا

ئەنجومەنی گەل لە سوریا بڕیاریداوە ڕۆژی 26ی مانگی 5 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە سوریادا بکرێت.

وەهاش چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش مانەوەی بەشار ئەلئەسەد بێت وەک سەرۆکی سوریا لە کاتێکدا وڵاتەکە پێدەنێتە یازدەهەمین ساڵی قەیرانی خوێناوییەوە.

حەمودە سەباغ، سەرۆکی ئەنجومەنی گەل، ئەمڕۆ یەکشەممە ئەوەیشی ڕایگەیاندووە کە هەڵبژاردن بۆ سوریاییەکانی دەرەوەی وڵاتەکە ڕۆژی 20ی مانگی 5 دەکرێت لە باڵیۆزخانەکانی سوریادا و دەشڵێت "لە ڕۆژی دووشەممەوە دەرگای خۆ کاندید کردن دەکرێتەوە بۆ 10 ڕۆژ" بۆ دووهەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ماوەی ئەم زیاتر لە 10 ساڵەی قەیرانی سوریادا.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێشتا بەشار ئەلئەسەد کە لە ساڵی 2000ەوە لە دەسەڵاتدایە پاش مردنی حافز ئەلئەسەدی باوکی، بە فەرمی خۆ کاندیدکردنی بۆ ئەم هەڵبژاردنە ڕانەگەیاندووە.

بەشار ئەلئەسەد لە هەڵبژاردنەکەی مانگی 6ی ساڵی 2014دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و وەک ئەوکاتە ڕاگەیەندرا، زیاتر لە سەدا 88ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە سوریا بەپێی ئەو دەستورە دەکرێت کە لە ساڵی 2012دا ڕاپرسی لەسەر کرا. هێشتا کۆبوونەوەکانی لیژنەی داڕشتنەوەی دەستور کە نوێنەرانی حکومەت و ئۆپزسیۆن ئەندامن تیایدا، ئەنجامێکیان نەبووە. ئامانجەکانی ئەو کۆبوونەوانە کە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێن، بریتییە لە چاکسازی و گۆڕانکاری.

بەپێی بەندی 88ی دەستوری سوریا، نابێت سەرۆکی سوریا لە 2 گەڕی سەرۆکایەتی زیاتر خۆی هەڵببژێرێتەوە و هەر گەڕێکی سەرۆکایەتیش بۆ 7 ساڵە. بەڵام بەندی 155 بە ئاشکرایی دەڵێت ئەو بەندە بەسەر سەرۆکی ئێستای سوریادا جێبەجێناکرێت و لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2014وە بۆی ئەژمار دەکرێت.

بەپێی مەرجەکانی خۆ کاندید کردن، ئەوەی خۆی هەڵدەبژێرێت دەبێت بۆ 10 ساڵی لەسەر یەک لە سوریادا ژیابێت و ئەمەش داخستنی دەروازەی شیانی خۆ کاندید کردنی ئۆپزسیۆنەکانە لە دەرەوەی سوریا.

مەرجێکی تریش ئەوەیە پێویستە ئەو کەسەی خۆی کاندید دەکات، دەنگی بەلانیکەم 35 ئەندامی ئەنجومەنی گەل بەدەست بێنێت. پارتی بەعس، فەرمانڕەوای سوریا کۆنترۆڵی ئەنجومەنی گەلی سوریای کردووە.

لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2014دا ئەنجومەنی گەل 2 کاندیدی تری پەسەند کرد، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک نییە سەبارەت بەوەی کێی تر لەپاڵ ئەسەددا خۆیان کاندید دەکەن.

بە پێچەوانەی ساڵی 2014وە هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵ لە کاتێکدایە حکومەتی سوریا بە پشتیوانی ڕوسیاییەکان ڕووبەرێکی زۆریان کە بە سێ لەسەر چواری سوریا مەزەندە دەکرێت کەتۆتەوە ژێردەست، پاش ئەو هێرشە بەرفراوانانەی کردیانە سەر پێگەکانی ئۆپزسیۆن لە وڵاتەکەدا.

هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سوریا لەکاتێکیشدایە قەیرانێکی قوڵی ئابوری لە سوریادا هەیە و بەهۆی سزاکانی ولاتانی ڕۆژئاواشەوە ئەم قەیرانە هێندەی تر ئاڵۆز و قورس بووە، ئەمە بێ لە کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و داڕمانی ئابوری لوبنان. زۆربەی سوریاییەکان و بەتایبەتیش کاردارانی سوریایی، پارەکان و سەرمایەکانیان لە بانکەکانی لوبنان دادەنێن.

لەوەتای قەیرانی ناوخۆیی سوریا لە ساڵی 2011ەوە دەستیپێکردووە زیاتر لە 388هەزار کەس کوژراون و دەیان هەزار کەس دەستگیرکراون و زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکەش ئاوارە بوون.