ژیان لە فەرهەنگدا: جەلیل ئازادیخا باس لە ئەنفال و ڕۆڵی ڕۆشنبیر دەکات

دەشێت زۆر وتار لەسەر ئەنفال و ژینۆساید نوسرابن، ئەمە بێ لەوەی ساڵانە لە ڕۆژی 14ی مانگی 4دا بۆنەی تایبەت بە ئەنفال ڕێکدەخرێت و بروسکەی لایەن و ڕێکخراوە جیاوازەکان بڵاودەکرێنەوە.

دەشێت لەو ساڵیادەدا، بە چەندان شێوە یادکردنەوەی بۆ بکرێت و قسە لەسەر ئەم ژینۆسایدە بکرێت کە لە هەر ڕەهەندێکیەوە سەیر بکرێت؛ کارەساتێکی نەتەوەییە، نەک ئەوەی تەنها سنورداربێت بە یەکێک لە بەشەکانی کوردستان.


دەکرێت ئەنفال بکرێتە ناسنامەی نەتەوەیەک، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت بەشێکی زۆری گومانبارانی ئەو کردە لەشکرییە بەدناوە دادگایی نەکراون، هەتا ئێستا کە 33 ساڵ بەسەر ئەم تراژیدیای ژینۆسایدەدا ڕەت دەبێت، هێشتا ناکۆکی هەیە لەسەر ئەوەی کێ دەستی هەبووە لەو کۆمەڵکوژییەدا، هێذشتا دامەزراوەیەکی زانستی بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەو کۆمەڵکوژییە دانەمەزراوە، هێشتا مۆزەخانەیەکی نیشتمانی نەکراوەتەوە لە شار و شارۆچکەکانماندا تا نەوە لە دوای نەوە ئاشنابن بە مێژووی قڕکردن و کوشتار، هەتا ئێستا ئەنفال نەبۆتە بەشێکی دانەبڕاوی سەرەکی لە خوێندن و پەروەردە، تا ئێستا نەبووینەتە خاوەنی دەزگایەکی ئەرشیف کردن بۆ دۆکیۆمێنت کردنی هەر بابەتێکی لەسەر ئەنفال هەبێت.

کێ کەمتەرخەمە؟ کەموکوڕییەکان لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە؟

دەشێت زۆر جار لەسەر شێوازی وەڵامدانەوەی ئەم جۆرە پرسیارە زۆر سادانە بەریەککەوتن دروست بێت، بەتایبەتیش کاتێک هەر لایەنە یان هەر کەسێک پاکانەکان ڕیز دەکەن و هەوڵ دەدەن پەرێزی خۆیان لە هەموو کەمتەرخەمییەک و کەموکوڕییەک پاک بکەنەوە.


میوانی بەرنامە:

جەلیل ئازادیخا، نوسەر و لێکۆڵەر

کارکردن لەسەر دۆسێی ئەنفال، ئەرکێکی مێژوویی هەموو تاکێکە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، لەو ڕوانگەیەوەی ئەو کاتە و ئێستاشی لەگەڵدابێت، هەموومان ئەنفال ناناسین، بەڵام ئەنفال هەموومان دەناسێت.

نازانم هەر خۆشمان وەک کورد چەندێک توانیومانە ببینە خاوەنی زمانێک بۆ ئەنفال و پێکەوە هاوڕابین لەسەر ئەوەی چۆن گوزارشت لە ئەنفال بکەین، ئایا هەر بگوترێت ڕووداوەکانی ئەنفال، ئایا هەر بە زمانی گێڕانەوە بدوێین، یان هەر بڵێین کارەساتی ئەنفال، ئەی چۆن کەسوکاری ئەنفالکراوەکانمان ناودێر بکەین، لە نێوان پاشماوەکانی ئەنفال و بەجێماوەکان و ڕزگاربووانی ئەم تاوانە گەورەیەی دژ بە مرۆڤایەتی کراوە، بە کامیان ناویان ببەین.

*بۆچی تا ئێستا نەتوانراوە ژینۆسایدی ئەنفال بکرێتە دۆسێیەکی نەتەوەیی؟

*ئایا بەستنەوەی ئەنفال بە ئاین یان بە ئاین کردنی ئەنفال، چ جۆرە کاریگەرییەکی دەبێت بەسەر دۆسێی ئەنفالەوە؟

*ئایا ڕۆشنبیری کورد توانیویەتی وەک ڕۆشبیری جوو و ئەرمینیاییەکان کار لەسەر ژێنۆساید بکات؟

*ئایا چ جۆرە تێگەیشتنێکمان هەیە بۆ قۆناغی دوای ئەنفال؟

لەم بەرنامەیەدا لەگەڵ جەلیل ئازادیخا، نوسەر و لێکۆڵەر باس لە ئەنفال و ڕۆڵی ڕۆشنبیر دەکەین و بزانین چۆن دەتوانرێت پێناسەیەکی هاوبەش بۆ ئەنفال بدۆزرێتەوە کە هەموو تاکێکی کورد، جا لەهەر شوێنێکی ئەم دنیایەدا بێت وەک ژینۆسایدی نەتەوەیەک لێی بڕوانێت.

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: جەلیل ئازادیخا باس لە ئەنفال و ڕۆڵی ڕۆشنبیر دەکات