بەڕێوبەری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت یەکێتی ئەوروپا ڕوسیا بەرپرسیار دەکات لە بەرامبەر ڕەوشی تەندروستی ئەلێکسی ناڤاڵنی، ڕەخنەگر لە کرملن.
ئەم لێدوانەی جۆسیپ بۆریل هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکەدا لەسەر هەروادێ و هەڵکشانی پشێویەکان لەگەڵ مۆسکۆدا.
ئەمەریکا ئاگاهیداوە بە کرملن لەسەر "بەرەنجامی خراپ" ئەگەر ناڤاڵنی کە بە ئۆپزسیۆنی سەرەکی ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا دادەنرێت، لە زینداندا بمرێت.
ئەم ئاگاهیدانەی ئەمەریکا دوابەدوای ڕاگەیاندنی پزیشکەکان بوو لە پشووی هەفتەدا وەک دەڵێن "لە هەر کاتێکدا بێت دەشێت ناڤاڵنی بمرێت." ڕێبەری ئۆپزسیۆنی ڕوسیا بۆ چەند هەفتەیەکە مانی لە خواردن گرتووە.
نیگەرانییەکان سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستی ناڤاڵنی، لە نێوەندی مەترسییەکانی هەر 27 وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپادایە بەهۆی کۆکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی ڕوسیاوە بە درێژایی سنوری ئۆکرانیا و هەروەهاش بەهۆی هەروادێ و زیاتربوونی ناکۆکییەکان لەگەڵ کۆماری چیک، ئەندامی یەکێتی ئەوروپادا.
جۆسیپ بۆریل دەڵێت "باری تەندروستی ناڤاڵنی زۆر جێی نیگەرانییە" و هەروەها داواش دەکات دەستبەجێ پزیشکی پسپۆڕی بۆ ئامادەبکرێت کە ناڤاڵنی بڕوای پێبێت.
بەڕێوبەری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت "ئێمە دەسەڵاتی ڕوسیایی بە بەرپرسیار دەزانین لە ڕەوشی تەندروستی بەڕێز ناڤاڵنی."
لیتوانیا دەڵێت، لە کۆبوونەوە ڤیدیۆییەکەی ئەمڕۆ دووشەممەدا، وەزیری دەرەوە پێشنیاز دەکات یەکێتی ئەوروپا "ڕێوشوێنی دەستبەجێیی بگرێتەبەر."
گابرلیۆس لاندسبێرگس پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەگەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی وەڵامی نەبێت بەرامبەر ڕوسیا، ئەوا وەک ئەوەیە بە بێدەنگی ڕێبەری ئۆپزسیۆنی ڕوسیا بنێردرێت بۆ مەرگی خۆی.