ئەندامانی لیژنەی هاوبەش لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێراندا کۆبوونەوەیەکی دیکەیان له ڤیەنا بەڕێوەبرد

هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەیەکی دیکەی نێوان ئەندامانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لە ڤیەنا، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش بە جیا لەگەڵ ئێران دەستیکردوە بە گفتوگۆ سەبارەت بە ناڕوونییەکانی چالاکییە ناوکییەکانی ڕابردووی ئەو وڵاتە.

ڕۆژی سێشەممە 20ی مانگی چوار لە ڤیەنا سەرۆکی شاندەکانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ڕووسیا و چین و ئێران و ئێنریکێ مۆرا جێگری بەرپرسی کاروباری سیاسی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نافەرمی جیایان سازدا.

دوای ئەوە کۆمیسیۆنی هاوبەش بە سەرۆکایەتی ئێنریکێ مۆرا کۆبوونەوەیەکی دیکەی دەستپێکرد.

ئێنریکێ مۆرا لە تویتەکەیدا نووسیوێتی "کۆبوونەوەی هاوبەش ئەمڕۆ. لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا پێشکەوتن بە دەست هاتوە، بەڵام هێشتا پێویستە زۆر شت بکرێت . دەستەی سێیەمی پسپۆڕان پێکهێنرا بۆ پێداچوونەوە بە هەنگاوەکاندا. من هێشتا لەو باوەڕەدام کە دیپلۆماسی تاکە ڕێگای پێشکەوتنە لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێراندا بۆ چارەسەری کێشەکانی بەردەم."

میخائیل ئوڵیانۆڤ نوێنەری ڕووسیا لە گفتوگۆیەکدا ڕۆژێک پێش دانیشتنەکە لەگەڵ ڕۆژنامەی دەیلی گاردیەن گوتی لەوانەیە لە ماوەی مانگێکدا ئەو گفتوگۆیانە بە ئەنجامێکی ئەرێنی کۆتاییپێبێت.

ئوڵیانۆڤ گوتی ڕووسیا ڕازی نییە بەوەی کە ئێران هێشتا ڕێککەوتنەکە پێشێل دەکات و داوای لە سێ وڵاتی دانوستانکاری ئەوروپا و هەروەها ئێران و ئەمەریکا کرد کە شتێکی وانەکەن پرۆسەی دانوستانەکە دژوارتر بکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی سێشەممەش وتی پێشکەوتنمان هەبووە. عەلی ڕەبیعی وتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند، کە لە سەدا 60ی پیتاندنی یۆرانیۆم تەنیا بە مەبەستی ئەوەیە کە ئێران بسەلمێنێت کە توانای پیتاندنی هەیە، وتیشی، کە دەکرێت پرۆسەکە بوەستێت.

هاوکات پسپۆڕانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش لە ڕۆژێک پێش ئێستاوە دەستیان بە قسە کردووە لەگەڵ ئێراندا بۆ ڕوونکردنەوەی سەرچاوەی ئەو گەردیلە یۆرانیۆمانە کە لە یەکێک لە سایتە ناوکییەکانی ئێراندا دۆزراوەتەوە.

لە ئۆرشەلیم، گەبی ئەشکەنازی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە دیدار لەگەڵ مایکڵ گۆڤ، وەزیری کابینەی بەریتانیا ڕاگەیاند کە نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگە بە ئێران بدات کە هیچ کاتێک دەستی بە چەکی ناوکی بگات.

لە لایەکەی دیکەشەوە نزیکەی2000 ئەفسەری پلەبەرزی پێشووی سوپای ئیسرائیل و ئەندامانی هێزی جێبەجێکردنی یاسا و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتە لە نامەیەکدا بۆ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداریان داوە لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەیەکی نوێ لەگەڵ ئێراندا و گوتویانە پەلەکردن لە دانوستانەکاندا مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل و هاوپەێمانانی عەرەبی دروست دەکات.

ئێران و ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە ناڕاستەوخۆ لە ڤیەنا گفتوگۆیان کردووە. بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن پێشوازی لە بیرۆکەی دیالۆگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا دەکەن. ڕۆیتەرز دەڵێت پێشکەوتنی خێرا لە گفتوگۆی ڤیەنادا چاوەڕوان ناکرێت و لەبەر ئەوەشە کە ئێران هەر لە ئێستاوە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو لەگەڵ ئەمەریکادا دەستپێناکات. دیپلۆماتە ئەورووپییەکان و ئەوانی دیکە نێوانگری نێوان ئێران و ئەمەریکا دەکەن بۆ گفتوگۆکان.