بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر: بڕیار وایە تا کۆتایی ئەمساڵ 20% دانیشتووانی عێراق و هەرێم ڤاکسین وەربگرن

خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستاندا ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان وەرگرتووە و پزیشکان و کاربەدەستانی کەرتی تەندروستیش داوا لە هاووڵاتیان دەکەن کە ئەو ڤاکسینە بەدەست بێنن و خۆیان بپارێزن و رێنماییە تەندروستیەکان جێبەجێ بکەن چونکە ئێستا ڤایرۆسەکە لە لووتکەدایە.

دکتۆر دلوڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەوەی ئایا ئەو ڤاکسینانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا بەکارهاتووە تا ئێستا هیچ کاریگەریەکیان هەبووە دەڵێت" تاوەکو ئێستا هیچ کاریگەریەکی لاوەکی نەبووە و هیچ کێشەیەکی نەبووە تەنها ئەوە نەبێت ئەوانەی کە ڤاکسین وەردەگرن کارلێکی ڤاکسینەکە لەگەڵ لاشەی ئەو کەسانەی کە وەری دەگرن هەندێکیان بۆی هەیە ئازاری لەشی هەبێت و توزێک تای بەرزبێتەوە ئەویش تەنها 48 کاتژمێری یەکەمە بەدەر لەوە هیچ شتێکی تر نەبووە کە کاریگەری لەسەر ئەوەبێت باری تەندروستی تێکبدات یاخود کاریگەری لە کەسەکە بکات".

بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر سەبارەت بە گرنگی وەرگرتنی ڤاکسینەکە بۆ هەمو خەڵکی دەڵێت " تەنها ئەوانەی لە 18 ساڵ کەمترن ئەوانە پێویست ناکات ڤاکسین وەربگرن ئەوانی تر هەر هەمووی دەتوانن ڤاکسین وەربگرن بەشێوەیەکی گشتی لە 18 ساڵ بەسەرەوە بە تایبەتیش ئەوانەی کە گەورە ساڵن و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە بۆ ئەوان زۆر گرنگە وەربگرن چونکە لەوانەیە تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بە نەخۆشیەکە کاریگەری زیاتری هەبێت لەسەریان،نەخۆشیە درێژخایەنەکان ئەوانەی کە فشاری خوێن و شەکرەیان هەیە ئەوانە هەمووی کاریگەری نەخۆشیەکە لەسەریان زۆر دەبێت بۆیە وەرگرتنی ڤاکسین دەبێتە هۆی دروستبوونی بەرگری لەشیان و گیانیان پارێزراو دەبێت".

سەبارەت بە بەرنامەکانی ڤاکسینەکە دکتور دلۆڤان محەمەد ڕایگەیاند" ڤاکسین بەشێوەیەکی گشتی چونکە مەرکەزیە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حکومەتی عێراقی فیدراڵەوە دابین دەکرێت، بڕیار وایە تا کۆتایی ساڵی 2021 ، 20% دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڤاکسین وەربگرن تاوەکو ئێستا ئەو بڕەی دابینکراوە 1% دانیشتووانی شاری هەولێرە بۆیە ئومێد دەکەین 19% ی تر لە ماوەی داهاتوو بەشێوەیەکی خێراتر بگاتە دەستمان بۆ ئەوەی دابەشی بکەین بۆ بنکەکانی کە دابین کراوە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین و هاوڵاتیانیش سودمەندبن لە وەرگرتنی ڤاکسین".

ناوبراو گوتیشی " بەشێوەیەکی گشتی ئێمە ئێستا لە لووتکەین و پێشبینیەکان ئەوەیە هێشتا بەرەو زیاتر برواتبەڵام پابەندبوونی هاوڵاتیان بە رێکارە تەندروستیەکان و رێنماییەکان کاریگەری دەبێت بەسەر ئەوە کە ڕەوشەکە بەرەو باشی بروات و ژمارەکان کەمترببن".

سەبارەت بە پلانەکانی تەندروستیش دەڵێت " لە ڕووی خۆپارێزیەوە زۆر کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەو شوێنانەی هاوڵاتیان ڕووی تێدەکەن پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن بە تایبەتی خاوەنی کارەکان و شوێنە گشتیەکان ئەوانە لە رێگەی لیژنەکانی قایمقامیەتەوەبە دواداچوونی بۆ دەکرێت ئەوانەی کە پابەند نەبێت رێکاری یاساییان لەگەڵ دەگیرێتە بەر سەرەڕای ئەوەش ئێمە چەندین کەمپینی هوشیارکردنەوەی هاوڵاتیانمان کردووە بۆ ئەوەی پابەند بن بە رێنماییەکانی تەندروستی لە ڕووی چارەسەرەوە نەخۆشخانەکان ئامادەن گشت پێداویستیەکانیان بۆ دابینکراوە ئەگەر هاتوو نەخۆش هەبێت بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرن و هەروەها ئەو ڤاکسینەش تاکە رێگەیەکی چارەسەرە بۆ ئەوەی پارێزراوبین لەو نەخۆشیە و بەرەو ژیانێکی ئاسایی بچینەوە".

جێی باسە بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا 143723 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە لەو ژمارەیەش 3920 کەس گیانیان لەدەستداوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ئەحمەد زێباری