ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە دوایین ڕاپۆرتیخۆیدا کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوی کردەوە ڕایگەیاند کە ئێران لە ماوەی ساڵی2020دا لە دوای چین بەرزترین ڕێژەی لە سێدارەدانی هەبووە و بە پێی ئامارە فەرمییەکانی ئەو دامەزراوەیە، لەو ماوەی ساڵی 2020دا 246 کەس لە سێدارە دراون.
رۆژی پێنج شەمەش کۆمەڵێک پارلمانتاری ئەوروپا و جاوید ڕەحمان، نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران و هەروەها نوێنەرانی هەندێ لە ڕێکخراوە مرۆییەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ بەشداری سمینارێکی ئونڵاین بوون لەسەر ڕەشی مافی مرۆڤ و ماڤی ژنان و کەمایەتییەکانی دیکە لە وڵاتی ئێراندا.
مەبەستی سمینارەکە چی بووە و خەتی گشتی باسەکان لەسەر چی بووە؟
بەڕێوبردنی ئەم جۆرە سمینارانە دەتوانێت کاریگەر بێت لەسەر بڕیارەکانی ئەوروپا بەرامبەر بە ئێران؟
ڕۆژی پێنجشەمە ڕاگەیەنرا کە ئێران بووە بە ئەندام لە کۆمیسیونی ژناندا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و دەوترێت چل و سێ وڵات بە شێوەی نەهێنی دەنگیان بە ئەندام بوونی ئێران داوە لەو کۆمیسیونەدا. چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوایان لە ئەمەریکا و ئەوروپا کردووە ئەندامبوونی ئێران ئیدانە بکەن. هۆکاری ئەوەی زۆربەی وڵاتان بەسەرێکەوە دژی پێشێلکارییە مرۆییەکانی ئێران بەتایبەت لە پرسی ژناندا بیاننامە دەردەکەن و بە لایەکی دیکەشەوە دەنگ بە وڵاتێکی وەک ئێران دەدەن کە بە پێی ڕاپۆرتەکانی خۆیان پێشێلکارێکی بەرچاوەی مافی ژنانە؟
بەفراو نووری لەدەنگی ئەمەریکای بەشی کوردییەوە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە و زانیاری لەسەر ئەو سمینارەی بەڕێوەچووە، گفتوگۆیەکی کردوە لەگەڵ ئامینە کاکەباوە، ئەندام پارلمانی سوێد و ڕێکخەری سمینارەکە.
خاتوون ئامینە لەم چاوپێکەوتنەدا دەڵێت ئەمە سێیەم جارە کە سمینارێکی لەم شێوەیە ڕێکدەخات و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان و هەروەها پارلمانتاران و چالاکانی مافی مرۆڤ بانگ دەکات بۆ دانیشنێکی لەم شێوەیە. دەشڵێت زۆر گرنگە کە وڵاتە ئەوروپییەکان لەدەمی نوێنەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی ئێران لەسەر پێشێلکارییە مرۆییەکان ببیستن، چوونکە دەزانن ئەو نوێنەرانە بێ لایەن قسە دەکەن و زیاتر باوەڕ بە ڕاپۆرتەکانیان دەکەن.
خاتوون ئامینە لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا سەبارەت بە ئەندامبوونی ئێران لە کۆمۆسیۆنی ژنان لە نەتەوە یەکگرتوەکاندا دەڵێت هەڵبژاردنی ئێران وەک ئەندام لە لایەن ئەو وڵاتانەوە ئەوپەڕی سووکایەتییە بە ژنانی ئێران.
ئەو هەروەها دەشڵێت کە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا زیاتر لەوەی پرسی مافی مرۆڤیان بۆ گرنگ بێت لە وڵاتێکی وەک ئێراندا، بەرژەوەندی و بازرگانی خۆیانیان بۆ گرنگترە.
Your browser doesn’t support HTML5