سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعی ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، لەم هەڵبژاردنەدا، ماڵی شیعی درزی تێکەوتووە، گەر تەزویرات و دەستوەردان ڕێگەبدات، هەڵبژاردنی ئەمجارە گۆڕانکاری لە عێراق دا دروست دەکات.
لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا، نەجات حسێن دەڵێت "لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا، هێندە تەزویرات زۆر بوو، 6 مانگ پێش هەڵبژاردن، کاندیدەکان دەیانزانی دەچنە پەرلەمان یاخود ناچن، بەڵام دۆخی ئێستا جیاوازە، سەرۆک وەزیر تازەیە و حیزبەکان لێی ڕازی نین، بەتایبەت حیزبەکان لەهەڵبژاردن دەترسن، لەوە دەترسن پێگە و دەسەڵات لەدەست بدەن، لەکاتێکدا سەرۆک وەزیر دەیەوێ هەڵبژاردن بکرێت."
سەرکردەکەی ڕەوتی حیکمە، ڕەخنەی توندی لە لایەنە دەسەڵاتدارە شیعەکان گرت، ڕوونیکردەوە ئەم حیزبانە شکستیان هێناوە و گەنجان لێیان ناڕازین، بەتایبەت ئەوانەی خۆپیشاندان دەکەن تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 20 ساڵدایە، دەسەڵاتی بەعسیان نەبینیووە، چاویان کردووەتەوە بە دیداری تەقینەوە و داعش و قەیرانی دارایی شادبوون، چوار ملێۆن خوێندکار لە زانکۆدان و بیریان لای داهاتوویانە کە دانامەزرێن، دەشڵێت "ئەم فشارانە کاریگەری گەورەیان دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو، بۆیە حیزبەکان لەهەڵبژاردن دەترسن، دەیانەوێ دوابخرێت تا کەمێک خۆیان دەگرنەوە."
دەربارەی ململانێی نێوان بەرەی سەدریەکان و بەرەی حەشدی شەعبی و ئەگەری ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، نەجات حسێن ئەوەی خستەڕوو لەهەڵبژاردنەکانی پێشوودا، لایەنە شیعەکان هاوپەیمان بوون، دەیانویست زۆرینە بن و دواتر کێشە ناوخۆییەکان چارەسەر بکەن، تا بواری دەستوەردان بەکورد و سونە نەدەن، بەڵام ئێستا درزی گەورە لە نێوان لایەنە شیعەکان دروستبووە، هەر لایەنەو خۆی بەگەورەترین کوتلە دەزانێت، دەیەوێت لەگەڵ کورد و سونە هاوپەیمانێتی بکات و پۆستی سەرۆک وەزیر ببات، وە دەڵێت "باشەی درزی نێوماڵی شیعی نەمانی تائیفیەتە، خراپیەکەشی ئەوەیە حکومەت بەئاسانی پێکنایەت، ئینجا هەندێک لایەن بانگەشەی هاتنەوە گۆڕەپانەکە دەکەن، کە 17 ساڵە شکستیان هێناوە."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، نەجات حسێن سەرکردەی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعی، ڕەتیکردەوە هۆکاری بۆمبارانکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق پەیوەندی بە نزیکی هەڵبژاردن و هەوڵدانەوە هەبێت بۆ تێکدانی دۆخەکە، ڕوونیکردەوە ئەمەریکا هەڵەی کرد، دوو سەرکردەی کوشت، کە یەکێکیان ئەبومەهدی موهەندس و ئەویتریان قاسم سولەیمانی بوو، دواتریش ترەمپ بەئاشکرا و بێ یاسا و بێ دەستور و دادگایی کردن، کوشتنیانی ڕاگەیاند، وتی"ئەو دوو سەرکردە شیعە هەزاران لایەنگریان هەیە، ناوی 52 کەسی ئەمەریکایان لایە، گوایە بەشداربوون لەپلان دانان بۆ کوشتنی سولەیمانی و موهەندیس و هەڕەشەی تۆڵە لێکردنەوەیان دەکەن، ئەو گروپانەی هێرش دەکەنە سەر هاوپەیمانان بیریان لای هەڵبژاردن نیە، پیاوی چەکن و بەچەک مامەڵە دەکەن، باشترین ڕێگە چارەش دادگایی کردنی بکوژانی دوو سەرکردە شیعیەکەیە لەلایەن ئیدارەی نوێی ئەمەریکاوە، تا بارگرژیەکان نەمێنن."
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە:
Your browser doesn’t support HTML5