سەرەک وەزیری ئەرمینیا دەست لە کار کێشانەوەی خۆی ڕاگەیاندووە و بەردەوامیش دەبێت لە پۆستەکەیدا تا ڕۆژی 20ی مانگی 6 کە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکرێت.
ئەو هەڵبژاردنەش بە ئامانجی ئەوەیە وڵاتەکە لە قەیرانی سیاسی دەرباز بکات.
نیکۆڵ پاشینیان، ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە و داوای دەست لە کار کێشانەوەیشی لێدەکرا، پاش ئەوەی لە مانگی یازدەی ڕابردوودا ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئازەربایجاندا مۆرکرد بە ناوبژی ڕوسیا و کۆتاییهێنرا بە قەیرانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر هەرێمی باگۆرنۆ کاراباخ.
سەرۆکی حکومەتی ئەرمینیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک نوسیویە "ئەمڕۆ یەکشەممە دەست لە پۆستەکەم دەکشێنمەوە وەک سەرەک وەزیری ئەرمینیا تا هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت لە وادەی دیاریکراودا."
پاشینیان دەشنوسێت " دەسەڵات دەگەڕێنمەوە دەست هاوڵاتیانی ئەرمینیایی تا خۆیان لە ڕێی هەڵبژاردنێکی ڕەوا و ئازاد و پاکەوە بڕیار لە چارەنوسی حکومەت بدەن."
پاش ئەم ڕاگەیاندنی دەست لە کار کێشانەوەیە، تەواوی ئەندامانی حکومەتەکەیشی دەستیان لە پۆستەکانیان کێشاوەتەوە بەپێی یاساکانی ئەرمینیا.
پاشینیان ئاماژەیشی بەوە کردووە وەک دەڵێت "بەردەوام دەبێت لە ئەرکەکانی وەک حکومەتی قۆناغی گواستنەوە." و دەشڵێت خۆی بۆ پۆستی سەرەک وەزیر کاندید دەکاتەوە.
ئەم هەنگاوەی حکومەتی ئەرمینیا، تەنها یەک ڕۆژ پاش دانپێدانانی سەرۆکی ئەمەریکایە بە ژینۆسایدی ئەرمینیاییەکاندا. سەرۆک جۆو بایدن بووە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا کۆمەڵکوژکردنی نزیکەی یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار ئەرمینیایی بە دەستی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانلی لە ساڵی 2015دا بە ژینۆساید بناسێنێت. ئەم دانپێدانانەی سەرۆک بایدن توڕەیی و ناڕەزای تورکیا و ئازەربایجانی لێکەوتەوە.
دوابەدوای شکستە لەشکرییەکەی لەبەردەم ئازەربایجاندا کە تورکیا پشتیوانی دەکرد، ئەرمینیا کەوتە قەیرانێکی سیاسییەوە.
ئەو شکستە شەپۆلێکی ناڕەزایی لە ئەرمینیادا هێنایە ئاراوە و لە مانگی 2ی ڕابردوودا گەیشتە لوتکە و پاشینیان سەرکردایەتی لەشکری وڵاتەکەی گوناهبار دەکرد بەوەی هەوڵی کودەتای داوە.
بە مەبەستی هێورکردنەوەی ڕەوشی سیاسی ناو ئەرمینیا، لە مانگی ڕابردوودا پاشینیان هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی ولاتەکەی ڕاگەیاند و ئەم ڕاگەیاندنەش جێی خۆشحاڵی ئەندامە باڵاکان و دیارەکانی ئۆپزسیۆنی ئەرمینیا بوو.