شەوی ڕابردوو، چەکدارانی داعش لە چەندین ناوچە و پارێزگا، هێرشیان کردووەتە سەر هێزە عێراقیەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، یەکێک لە هێرشەکان بۆ سەر سەنگەرەکانی پردێ ی سەر بە پارێزگای کەرکوکی پێشمەرگەبوو، کە بەو هۆیەوە سەرووی 4 پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە و چەند پێشمەرگەیەکیش برینداربوون، هەروەها ژمارەیەک سەربازی عێراقیش بوونە قوربانی.
هێرشەکەی شەوی ڕابردووی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی پردێی سنوری کەرکوک، کە نزیکەی 45 خولەکی خایاند، کاردانەوەی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و هۆکاری هێرشەکەیان بۆ هەبوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان گێڕایەوە.
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی چەکدارانی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە سنوری پارێزگای کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"داعش کەڵکی لە بوونی بۆشایی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و نەبوونی هیچ هەماهەنگیەک لە نێوانمان وەرگرتووە."
ئەو بۆشاییەی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان دروستبووە، هۆکاری دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان لەدوای ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کە لەوکاتەوە نەتوانراوە بە ڕێککەوتن بۆشایی نێوانیان پڕبکەنەوە و هیچ هەماهەنگیەکیش لەنێوانیان نیە.
هەردوای هێرشەکەی داعش بۆ سەر پێشمەرگە لە پردێ، هەریەک لە مەسروربارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری حکومەت، ئیدانەی هێرشەکەیان کرد و داوای پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنیەکانیان کرد. جەعفەر شێخ مستەفای جێگری سەرۆکی هەرێمیش، ڕەخنەی لە خۆیان گرت بەوەی نەیانتوانیوە ( دووربینی حەراری) بۆ پێشمەرگە دابین بکەن و چەکی داعش لەوان پێشکەوتووترە.
عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاوناحیەکانی کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پێش مانگی ڕەمەزان زانیاری لەبارەی خۆ ئامادەکردنی داعش بۆ ئەنجامدانی هێرش، گەیشتبووە دەزگا ئەمنیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، ڕەنگە داعش هێرش و پەلاماری تریش ئەنجام بدات."
هەفتەی ڕابردووش، چەند کاتیۆشایەک ئاراستەی قەزای کفری سنوری گەرمیان کرا و هەموو گومانەکان بۆ داعش چوون، بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکاش، هێزە عێراقیەکان هەوڵێکی داعشیان لەناو شاری کەرکوک شکست پێهێناوە، کە بریتی بووە لە هێرشکردنە سەر دام و دەزگاکان لەڕێگەی خۆکوژەوە.
زانیاریەکان ئاماژەبەوەدەکەن، دوو لەو چەکدارە خۆکوژانە کە نێردراون بۆ کەرکوک، پێش جێبەجێکردنی پلانەکانیان لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە کوژراون، هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی 3 خۆکوژی تریش بەردەوامن،بەڵام تائێستا شوێنەکانیان نەدۆزراوەتەوە.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، ئاماژەی بەوەکرد حکومەتی عێراق هەڵەی کرد کاتێک لە ساڵی 2017 کۆتایی هاتنی داعشی ڕاگەیاند، ئێمە هەرئەوکات جەختمان لە مانەوەی داعش کردەوە، وتی"داعش شێوازی شەڕی گۆڕیووە، لەشەڕی بەرفراوانەوە بۆ هێرشی بچوک بچوک، لەو هێرشانەشدا، زیانی هەم بە پێشمەرگە و هەم بە سوپای عێراقیش گەیاندووە."
هەموو ساڵێک لە مانگی ڕەمەزاندا، داعش هێرشەکانی بۆ سەر هێزە عێراقی و کوردیەکان چڕدەکاتەوە، بۆیە شارەزایانی بواری ئەمنی، پێشبینی هێرشی زیاتری چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە دەکەن لەم مانگەدا.
Your browser doesn’t support HTML5