ڕێکخراوێکی ڕۆژنامەوانی لە پاکستان دەڵێت هەروادێ و میدیا لە وڵاتەکەدا دەکەوێتە ژێر چاودێری زیاتر و هێرش و هەراسانکردنەوە.
یەکێتی فێدراڵی ڕۆژنامەوانانی پاکستان، لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیاندا جەخت لە هەوڵەکانی خۆی دەکاتەوە بۆ ئازادی ڕۆژنامەوانی لە پاکستاندا کە دەمێکە بۆتە شوێنێکی کوشندە بۆ ڕۆژنامەوانان. لە ساڵی پاردا 148 هێرش و پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەوانان کراون.
پاکستان جەخت دەکاتەوە لە پشتیوانیکردنی ئازادی ڕادەربڕین و نەبوونی کۆت و بەند لەسەر میدیا، بەڵام زۆر جار چالاکوانانی بواری داکۆکیکردن لە مافەکان لەشکری وڵاتەکە و دامەزراوە لەشکرییەکانیش گوناهبار دەکەن بە هەراسان کردن و هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەوانان.
ڕۆژنامەی داون کە بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەبێتەوە لە سەروتاری ئەمڕۆ دووشەممەیدا نوسیویە زەمینە بۆ ڕۆژنامەوانان لە پاکستان لە داکشاندایە و میدیاش ناتوانێت هێزی خۆی درێژەپێبدات و خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکانیش بکات بەو شێوەیەی کە پێویستە.
شازاد زولفەقار، سەرۆکی یەکێتی فێدراڵی ڕۆژنامەوانانی پاکستان و ناسر زەیدی، سکرتێری گشتی ئەم ڕێکخراوە، ئەمڕۆ دووشەممە و لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێن "ئازادی ڕۆژنامەوانی تایبەتمەندێتیمانە و باجەکەیشی هەرچەندێک و هەرچییەکیش بێت دەستبەرداری ئەو ڕێبازە نابین." هەروەها دەشڵێن ڕۆژنامەوانان لە وڵاتەکەیاندا ڕووبەڕووی بڕینی موچەکانیان دەبنەوە و بە هەزاران ڕۆژنامەوانیش بێکارن.
مەزهەر عەباس، کە زیاتر ڕاپۆرتەکانی لە تەلەفزیۆنی جیۆ بڵاودەکاتەوە دەڵێت لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا کۆتوبەندکردن و هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەوانان زیادیان کردووە و دەشڵێت "هەتا ئێستا نەزانراوە ئایا پاکستان سزای ئەوانەی داوە یان نا کە پەیوەندییان بە ڕفاندن و هەراسان کردنی ڕۆژنامەوانانەوە هەیە."
هەرچۆنێک بێت؛ فوئاد چاودری، وەزیری ڕۆشنبیری پاکستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "حکومەتی پاکستان ئازادی ڕاگەیاندن وەها دادەنێت کە مافێکی بنچینەیی و دیموکراسیانە و دەستورییە."
لەو ڕاگەیەندراوەدا، فوئاد هیچ ئاماژەیەکی بەو قسەکردنانە نەکردووە کە ڕێبەرانی ئەنجومەنی ڕۆژنامەوانانی پاکستان دەیکەن.