تەقاندنەوەی عەمارێکی چەک لە ئیدلب

وێنەیەک لە هەرێمی ئیدلبەوە

2 جیهادی و کەسێکی سیڤیل دەکوژرێن لە ئاکامی تەقینەوەیەک لە عەمارێکی چەکدا کە جیهادییەکان بەڕێوەیدەبەن لە هەرێمی ئیدلب لە سوریا.

تەقینەوەکە وەک سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان پێکردووە بۆتە مایەی خاپوربوونێکی تەواوی عەماری چەکەکان و هەروەهاش سوتاندنی کێڵگەیەکی نزیک لێوەی لە شارۆچکەی فواع لە هەرێمی ئیدلب.

ڕوانگە، ڕێکخراوی سوریایی بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "ئەم عەماری چەکە کە جیهادییەکان بەڕێوەیان دەبرد موشەکی تیادابووە و هەروەهاش بۆ دروستکردنی مەتریاڵی تەقینەوە بەکارهێنراوە."

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی ئەم ڕێکخراوەدا کە بنکەی لە لەندەنە دەڵێت "دووان لە جیهادییەکان لەکاتی تەقینەوەکەدا کوژراون و هەروەها ژنێکیش کە لە نزیک شوێنی تەقینەوەکە دەژیا، کوژراوە."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێشتا ئاشکرا نییە هۆکاری تەقینەوەکە چییە، بەڵام ڕوانگە دەڵێت "زۆر پێدەچێت لە ئاکامی هێرشێکی ئاسمانییەوە بووبێت."

ئەم ڕێکخراوی چاودێرییە هێشتا نازانێت کامە ڕێکخراوی جیهادی ئەو عەماری چەکەی بەڕێوەبردووە بەڵام دەڵێت عەمارەکە لەژێر کۆنترۆڵی هەیئەتی تەحریری شامدا نەبووە کە باڵی کێشاوە بەسەر ئیدلبدا.

حکومەتی سوریا لە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنەوەی هەرێمی ئیدلبدایە کە بە دواترین پێگەی دژایەتی ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد دادەنرێت، بەڵام ئەو ئاگربەستەی ڕوسیا و تورکیا پشتیوانییان لێدەکرد، تا ئەندازەیەک ئاگری شەڕی لەو ناوچەیەی سوریادا بۆ زیاتر لە ساڵێکە ڕاگرتووە.

لەوەتای ساڵی 2011وە کە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی دژە حکومەت دەستیان پێکرد، لەم قەیرانەی سوریادا زیاتر لە 380 هەزار کەس کوژراون و بە ملیۆنان خەڵکیش ئاوارەبوون.