سەرۆکی هەرێم و چەند لایەنێکی سیاسی لە سلێمانیدا پرسی دەستووریان تاوتوێکرد

ڕۆژی سێشەممە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەشتە شاری سلێمانی و لەگەڵ چەند لایەنێکی سیاسییدا کۆبوویەوە بۆ تاوتوێکردنی چارەسەری کێشەکانی هەرێم و تەواوکردنی دەستوور.

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەشتە شاری سلێمانی و لەگەڵ هەریەک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستاندا کۆبوویەوە و پرسی نووسینەوە و تەواوکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان و یەکدەنگی پارتە سیاسییە کوردییەکان لە داهاتوودا تاوتوێکرا.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ شاری سلێمانی بۆ میدیاکان دوا و وتی: "دەمانەوێت هەڵبدەین لەسەر مەسەلەی دەستوور هەنێک بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ بکەین لەگەڵ حزبەکان. هەوڵێکی جددی هەیە بۆ ئەوەی مەسەلەی دەستوور جێبەجێ بکرێت."

دەستووری هەرێمی کوردستان وەکو پڕۆژە هەیە بەڵام هێشتا نەگەشتووەتە قۆناغی کۆتا و پێویستی بە دەستکاریکردن و تەواوکردن هەیە.

لەمبارەوە محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان وتی: "کۆبوونەوەی پێشووی هێزە سیاسییەکان لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و هاتنی سەرۆکایەتی هەرێم و ئەو سەردانە بۆ ئەم ناوچەیە، ئەمانە هەمووی پەیوەندی بە میکانیزمی کارکردنی مەسەلەی دەستوورەوە هەیە و دەستپێدەکات."

لە بارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا، دلێر عەبدولخالق، ڕێکخەری ژووری ڕۆژنامەوانیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان وەک بزووتنەوەی گۆڕان پشتگیری دەستوورێکی مەدەنیی دەکەن.

"ئێمە لەگەڵ دەستوورێکی پێشکەوتوو و مەدەنیداین کە سیستەمی پەرلەمانی، سەروەری یاسا، شەفافییەت و پرەنسیپەکانی لامەرکەزییەت لەخۆیدا کۆبکاتەوە."

ئەمڕۆ سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەشتە شاری سلێمانی و لەگەڵ هەریەک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستاندا کۆبوویەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕێباز مەجید